پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا عێراق بەهۆی نەوتەوە 145 ترلیۆن دۆلاری دەستبکەوێت

پۆڵەتیک پرێس

شارەزایانی بواری ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە کە گرنگە بەخێرایی سندوقێکی سەروەری دەوڵەت دابنرێت تایبەت بەو قازانجە ئابووریەی لە ئانجامی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوتەوە دەست عێراق دەکەوێت.

پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ 100 دۆلار بەزرببێتەوە، بەمهۆیەشەوە پێشبینی دەکرێت عێراق لەمساڵدا لە داهاتی نەوت 145 ترلیۆن دۆلاری دەستبکەوێت، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 25 ملیار دۆلار زیادیکردووە.

ئەوەی وایکردووە هێندە جەخت لە دانانی ئەم سندوقە بکرێتەوە ئەوەیە، پێشبینی دەکرێت ئەم بەرزییەی نرخی نەوت ماوەیەکی زۆر بەردەوام نەبێت و لە ساڵانی داهاتوو نرخی نەوت جارێکی دیکە داڕمان بەخۆیەوە ببینێت.

لەوبارەیەوە سەلام سمەیسەم، شارەزای بواری ئابووری ئاماژە بەوەدەکات، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕەنگە بتوانێت بچێتە خزمەتی ئەو بوارە ئابووریانەی کە عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت لە کەمی داهات و پارەدارکردنیان، لە دیارترینیان پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی گشتی و باشترکردنی دۆخی گوزەرانی هاوڵاتیان.

باس لەوەش دەکات، وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە بەرزی بەهای دۆلار هەتا پێنج ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت، بۆیە دەکرێت چارەسەری لێکەوتەکانی ئەم دۆخە بکرێت و کەمێک لە قەرزە ناوخۆییەکان کەمبکرێتەوە بەنمونە ئەو قەرزانەی حکومەت لە بانکی ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراق و بانکەکانی دیکە کردوونی.

لەلایەکی دیکەوە تارق ئەنساری، شارەزای بواری ئابووری ئەوەی خستەڕوو، پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا نرخی نەوت بۆ 90 دۆلار بەرزببێتەوە، ئەمەش هێمایەکی باشە بۆ بوژانەوەی ئابووری عێراق، گەر بەشێوەیەکی تەندروست و دروست لەچوارچێوەی نەخشەی ئابووری نەوتیدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەوا دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بێکاری و کەمبوونەوەی قەرز و دابینکردنی بودجەی گشتی عێراق و موچەی هاوڵاتیان بەشێوەیەکی تایبەت.

جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە عێراق وەک کوەیت و سعودیە و ئیمارات و قەتەر لەڕێی دانانی ستراتیژێکەوە سود لەم قازانجەی داهاتی نەوت ببینێت، تا ببێتەهۆی برەودان بە سندوقی سەروەری دەوڵەت، وتیشی، “پێویستە رێکاری راست و دروست بۆ سیاسەتی نەوت و بەدیهێنانی بوژانەوە لە سیستمی ئابووری عێراق بگیرێتەبەر.

لایخۆیەوە نەبیل جەعفەر، شارەزایەکی دیکەی ئابووری ئەوەی خستەڕوو، چاوەڕێ دەکرێت نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار، ئەمەش بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق دادەنێت و پێشبینی دەکرێت بەهای هەناردەی نەوت لەمساڵدا بگاتە 145 ترلیۆن دینار.

وتیشی، “ئەمڕۆ شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەیە و دەکرێت وەبەرهێنانی لێبکرێت و ئەو قازانجەی بەدیدێت، بەهەدەرنەدرێت، دەکرێت لەو قازانجە وەبەرهێنانی گەورە و پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجامبدرێت و ئابووری عێراقی پێببوژێندرێتەوە”.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بە گرنگی دامەزراندنی سندوقی سەروەری و سەرمایەی دارایی و ئابووریدا، بەتایبەت کە پێیوایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تاهە تایە بەوشێوەیە بەردەوام نابێت و بەڵکو لە ساڵانی داهاتوو داڕمان بەخۆیەوە دەبینێت، لەوکاتەدا ئەم سندوقە زۆر گرنگە بۆ گرەنتیکردنی چارەنوسی نەوەکانی داهاتووی عێراق.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا