پۆڵەتیك پرێس:
شەوی رابردوو هێزێكی هاوپەیمانان لە باشوری عێراق لە نێوان پارێزگاكانی بابل و دیوانییە كرایە ئامانج.
شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاویكردەوە، لە كاتی تێپەڕینی كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیمانان تەقینەوەیەك ڕووی داوە و ژمارەیەك ئەندامی هێزەكانی سوات كە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بوون، بریندار بوون.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە، تەقینەوەكە زیانی گەیاندووە بە ئۆتۆمبێلەكانی كاروانەكە.
بەردەوام هێزەكانی هاوپەیمانان بە تایبەتی ئەمریكا لە عێراق لەلایەن میلیشیا چەكدارەكانەوە دەكرێنە ئامانج و هێرشدەكرێتە سەریان.
میلیشیا چەكدارەكانی شیعە بەردەوام داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن، بەتایبەت دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی گشتی حەشدی شەعبی عێراق.
لە ماوەی رابردوودا سوپای ئەمریكا ژمارەیەك بنكەی سەربازی چۆڵكرد و رادەستی هێزە عێراقییەكانی كردەوە بەتایبەت دوای سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.