خوێندنی باڵا: بەبێ کارتی ڤاکسین مامەڵەی هاوڵاتیان ڕایی ناکرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، “لە ڕێکەوتى 1ی 2ی 2022 بەدواوە پێویستە هاوڵاتیان لەکاتى سەردانیان بۆ وەزارەت کارتى وەرگرتنى ڤاکسینیان پێبێت، بەپێچەوانەوە ڕێگەیان پێنادرێت سەردانى وەزارەت بکەن بۆ ڕایکردنى مامەڵەکانیان”.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئاماژەکردن بە بڕیارى سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا، لە گشتاندنێکدا بەژمارە (1388) لە ڕێکەوتى (23/1/2022) چەند بڕیارێکى بۆ پاراستنی سەلامەتى گیانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایان لە دامودەزگاکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد:

یەکەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت کە پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرگرتوە، پێویستە تاکو ڕۆژى پێنجشەممە ڕێکەوتى (27/1/2022) وێنەیەک لە ناسنامە یاخود کارتى وەرگرتنى پێکوتە (ڤاکسین)ى دژە کۆرۆنا، بۆ دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى/ بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى لە دیوانى وەزارەت بنێرن.

دووەم: ئەو فەرمانبەرانەى دیوانى وەزارەت پێکوتە (ڤاکسینى) دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتووە، بەبێ تێستى کۆرۆنا کە (48) سەعاتى بەسەردا تێپەڕنەبوبێت، ڕێگەى پێنادرێت بێتە دەوام و بەنەهاتوو هەژمار دەکرێت، لەڕۆژى دەرچوونى ئەم نوسراوە.

سێیەم: لە دواى ڕێکەوتى (1/2/2022) بەدواوە هیچ کەسێک ڕێگەى پێ نادرێت سەردانى وەزارەتەکەمان بکات بەبێ هەبونى کارتى ڤاکسین یان ئەنجامدانى تێستى کۆرۆنا کە (48) سەعاتى بەسەردا تێپەڕنەبوبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، “جێگەى ئاماژە بۆکردنە لەلایەن تیمى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستی و سەلامەتى لە وەزارەتەکەمان ڕاستاندن بۆ بەڵگەنامەکان دەکرێت ئەگەر ڤاکسینى وەرنەگرتبێت ڕێگەیان پێ نادرێت بێنە ناو دیوانی وەزارەت”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک