ئەمریکا بەپەلە هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ڕوبەڕوبوونەوەکانی بەندیخانەی سناعە لە گەڕەکی غوێرانی حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ 102 کەس زیادیان کردووە و بەهۆی ئەم پێکدادانانەشەوە ئەمریکا هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکانی دەوروبەری بەندیخانەکە کردووە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ڕوبەڕوبوونەوەی توند لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حەسەکە و بەدیاریکراوی لە بەندیخانەی غوێران کە گەورەترین بەندیخانەی چەکدارانی داعشە، دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 102 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 61 کەسیان لە هێزەکانی داعش بوون و 34 کەسیشیان لەناو هێزەکانی سوریای دیموکرات بوون، جگە لەوانیش حەوت هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

هەر لەوبارەیەوە ڕوانگەی سوری ئاماژەی بەوەکرد، کاروانێکی سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتووەتە بەندیخانەکە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لەو ناوچانە بەردەوام لە فڕیندان، پێشبینیش دەکرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا دۆخەکە یەکلایی ببێتەوە، جگە لەوەش فڕۆکەکانی ئەمریکا ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە ئەگەری ئەوەیان هەیە ئەندامانی داعشیان لێبێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک