ئیسلامییەكان لە هاواری خەڵك بێدەنگن

پۆڵەتیك پرێس:

هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانەوە هاواریان لێهەستاوە و بە چەندین شێواز ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەڵام حزب و لایەنە ئیسلامییەكان كە خۆیان لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆندا داناوە، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی و جەماوەرییان نییە.

بێ مووچەیی، بێكاری، بێ خزمەتگوزاری گشتی، زیادبوونی فشارەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕێگای كۆمپانیاكان لە چەندین بواردا هاووڵاتیانی هەراسانكردووە.

پرسیار لە بارەی رۆڵی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بە گشتی و حزبە ئیسلامییەكان بەتایبەتی دەكرێت كە ئایا بۆچی بێدەنگییان هەڵبژاردووە لە ئاست بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵك، لەمبارەیەوە ژمارەیەك لە سەركردەی حزبە ئیسلامییەكان وەڵامی پۆڵەتیك پرێس دەدەنەوە، كە بەشێكیان رەخنەكان دووپات دەكەنەوە و بەشێكی دیكەشیان پاساویان بۆ بێدەنگییەكەیان هەیە.

وەرتێ: هۆكاری لاوازی دەنگی ئیسلامییەكان نەبوونی یەكهەڵوێستییە

عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان ئیسلامییەكان بە بێ دەنگ نازانێت، بەڵكو بە دەنگ لاواز دەیانبینێت، وتی: دەنگەكەیان نزمە بەهۆی ئەوەی یەك هەڵوێست نین نەیانتوانیوە پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبێ لەنێوان خۆیاندا.

وەرتێ وتی: ئیسلامییەكان نەیانتوانیوە توانا و توانستە ئیسلامییەكانی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی هاوبەشدا یەكبخەن، ئەگەر ئیسلامییەكانی كوردستان پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبێت، دەنگیشیان دلێر و ئازا و بیستراو دەبێت.

بەوتەی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی، بەم پەرتەوازەییەی ئێستا ئیسلامییەكانی كوردستان دەنگیان نزم دەبێت و ناگاتە هیچ شوێنێك و كاریگەری نییە لەسەر بڕیارە سیاسی و هەڵوێستە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستا، وتی: حزبە ئیسلامییەكان هیچیان لەناو حكومەت نین، لە پەرلەمان هەن بەناو ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام لە ڕاستیدا نەیانتوانیوە وەك پێویست ڕۆڵێكی كارا بگێڕن و ببنە بەشێكی گرنگ لە شەقامی كوردی، كە ئەركێكی گرنگە لەسەر شانی ئیسلامییەكان.

ئۆپۆزسیۆن لە ماڵەوە دانیشتوون لە دوورەوە سەیری روداوەكان دەكەن

ناوبراو دەڵێت: خەڵكی كوردستان چاوەڕێی هەڵوێستێكی بوێرانە لە هێزە ئیسلامییەكانی كوردستان دەكەن كە بە ڕاشكاوانە بەرگری بكەن لە مافەكانیان و فشار بكەن لە دەسەڵات بۆ ملدان بۆ خواستی هاوڵاتیان، بەڵام ئۆپۆزسیۆن ژیرانە لە بارەگا و ماڵەكانی خۆیان دانیشتوون و لە دوورەوە سەیری شانۆی ڕووداوەكان دەكەن.

بێدەنگی كۆمەڵ و یەكگرتوو جێی سەرنجە، ئیسلامییەكان لە ئاستی پێویستدا نین

محەمەد بازیانی، رێكخەری بزافی چاكسازی و گەشە، كە ئەویش لایەنێكی دیكەی ئیسلامییە، دەڵێت: هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی فەرمی لە ئاستی پێویست نییە، لە ئاستی داواكاری جەماوەر نییە و لە ئاستی ڕووداوەكاندا نین،

وتيشى: لە ئاستی بەرپرسیاریدا نین، بەو حوكمەی ئەوان جەماوەرێكیان هەیە، كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی ئەندامی پەرلەمانیان هەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، پێگەیەكی تا ڕادەیەك جەماوەرییان هەیە بێدەنگیەكەیان جێی سەرنجە، ئەگەرچی میدیایان ڕەخنە ئامێزە، بەڵام هەڵوێستیان لە ئاستی بەرپرسیاری نییە كە ڕایانگەیاندووە ئۆپۆزسیۆنن.

بازیانی دەڵێت: ئیسلامییەكان نەیانتوانیوە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی تر هەماهەنگیان هەبێت و پرۆژەیەكیان هەبێت بۆ داهاتوو، ئەمەش خاڵێكی لاوازە بۆ هەموویان، مادام ئۆپۆزسیۆنن پێویستە خاڵە هاوبەشەكانیان یەك بخەن و بەم شێوازە ئۆپپزسیۆنەی ئێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت.

ئۆپۆزسیۆن تا ڕادەیەكی زۆر لاوازە و نەیانتوانیوە شەقام بجوڵێنن

سەرۆكی بزاڤی چاكسازی وگەشە رونیكردەوە، ئۆپۆزسیۆن تا ڕادەیەكی زۆر لاوازە و نەیانتوانیوە شەقام بجوڵێنن، جەماوەریش لەم شێوازە ناڕازییە، بە تایبەتیش لەم حاڵەتەی ئێستادا ، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بە ژیرانە لە مەیدانەكەدا بجوڵێنەوە ئەوكاتە دەسەڵاتیش حساباتێكی دیكەیان بۆ دەكات ، بەڵام ئەگەر هەماهەنگیان نەبێت دەسەڵات لای گرنگ نابێت و هەڵوێستیان كاریگەری نابێت .

رونیشیكردەوە، ئەوە كەموكوڕی بوو كە ئیسلامییەكان نەیانتوانی لە یەك پڕۆژەی هاوبەشدا خۆیان ببیننەوە ، ئەگەر لە یەك پرۆژەی هاوبەشدا بوونایە كاریگەری زۆریان دەبوو و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەش هەماهەنگیان دەكرد لە گەڵیاندا .

ئاماژە بەوەش دەكات، ئۆپۆزسیۆنێكی دەستەمۆن لەلایەن دەسەڵاتەوەو و كاریگەریان نییە لەناو مەیدانەكەدا، پێشتر ئەمە وانەبوو، ئیسلامییەكان كە خۆیان لەناو خۆیاندا هەماهەنگیان نەبێ چۆن دەتوانن بۆ دەرەوەی خۆیان كاریگەر بن.

 

كۆمەڵ و یەكگرتوو پاساوی خۆیان هەیە

كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی دوو حزبی گەورەی ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنن و زۆرترین رەخنەكان رووی لە ئەوانە، ئەوانیش پاساوی خۆیان هەیە.

قومرییە شێخ محەمەد بەرزنجی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: ئێمە لە خەمی ئەوەداین خەڵك ژیانێكی ئاسودە و ئارامیان هەبێت و گلەیی و ڕەخنەی زۆریشمان لەو واقیعەی ئێستا هەیە و بەتایبەتیش واقیعی سیاسی ، بەڵام لەبەر هەستیاری بارودۆخەكە، بە پێوستی دەزانین متمانە بگەڕێتەوە بۆ خەڵك.

دەشڵێت: بە ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە ناتوانین ئامانجەكەمان بپێكین و بەو ئامانجە بگەین كە ئاسودەیی و ئارامی بۆ خەڵك بەدیبهێنین، بە هەڵچوون و دروستكردنی ناكۆكی و ئاژاوە ناتوانین بە ئامانجی راستەقینە بگەین و خزمەتی خەڵك بكەین.

لای خۆیەوە خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وتی: ئێمە هیچ رۆژێك بێدەنگ نەبووین لەمەڕ كێشەكانی خەڵك و مافی خەڵك و ئەو هەموو گەندەڵیەی دەكرێت و ئەو هەموو بێ باكیەی حكومەت بەرامبەر هاوڵاتیان.

وتیشی: بەردەوام ئێمە وەك ئۆپۆزسیۆن چ لە شەقام كەسی ئێمە هەبووە چ لە پەرلەمانیش ئەندامانی یەكگرتوو لە بابەتی لێپرسینەوەو پرساندن و ئاراستەكردنی پرسیار بۆ وەزیرەكان و لە كاری لیژنەكانی پەرلەمانیش ڕۆڵیان هەبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا