دابان محەمەد: وەزارەتی كارەبا بایی پێنج ملیۆن دۆلار پێوەری كڕیوە و لە كۆگاكانیدا كەوتووە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێس تیشك دەخاتە سەر چەند تەوەرێكی پەیوەست بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان بەتایبەتی بابەتی پێوەری ئاو و سزای نەبەستنی پێوەری ئاو، دابان محەمەد دەڵێت ئەوەی حكومەتی هەرێم لە بابەتی پێوەری ئاودا دەیكات تەواو نایاساییە.

_ پۆڵەتیك پرێس : سەرەتا دەمەوێت لە پێوەری ئاوەوە دەست پێبكەین، ئەمە بیرۆكەی كێبوو، بۆچی گەشت بەم ئەنجامەی هاووڵاتیان پێوەرەكە لێبكەنەوە؟

+ دابان محەمەد : پرسی پێوەری ئاو بە بێ‌ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەسەربكرێت و لایەنی ئیجابی و سلبی لێك بدرێتەوە یەكێك لە كۆمپانیاكان هاتووە پرۆژەیەكی پێشكەشكردووە پێوەر بهێنێت و بیفرۆشێت بە هاووڵاتیان لەسەر حسابی هاووڵاتیان خۆیان نەك لەسەر حسابی كۆمپانیا یان حكومەت بێت، ئەم كۆمپانیایە لە سنوری هەولێر و دهۆك نزیك بووە لە خودی وەزیرەكە تەندەرینەكەی بۆ دەرچووە تا ماوەیەكی زۆر پێوەری هێناوە و فرۆشتویەتی هەر لەو ساڵەدا (2018) رێنمایی ژمارە (1) ی ساڵی (2018) یان بۆ دەركردووە لە وەزارەتەوە كە ئەم رێنماییە تەنها بۆ ساغكردنەوەی ئەو پێوەرانەبووە.

_ پۆڵەتیك پرێس : ئەم رێنماییە چ بنەمایەكی یاسایی هەیە؟

+ دابان محەمەد : هیچ بنەمایەكی نییە بەڵكو پشتی بەستووە بە یاسای ژمارە 12 ی ساڵی 2010 ی یاسای شارەوانی و گەشت و گوزار ماددەی حەوت بڕگەی 3، سزا یان كرێ‌ یان خۆڵ و خاشاك دەبێت بە یاسا رێكبخرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی هەمواری یاسای 1963 ی كردووە لە كاتێكدا حكومەت بە هیچ شێوەیەك دەسەڵاتی ئەوەی نیە یاسا هەموار بكاتەوە، بۆیە ئەوەی حكومەت لە بابەتی پێوەری ئاودا دەیكات تەواو نایاساییە، بۆیە حكومەت لە مانگی شوباتی 2021 دا داوای لە پەرلەمان كرد ئەمەیان بۆبكات بە یاسایی، پرۆژە یاسای تۆڕ و بنچینەكانی ئاوو ئاوەڕۆ هاتە پەرلەمانی كوردستان ، دوو ماددەی تیایە ماددەی حەوت و 21 كە باس لە سزادانی ئەوانە دەكات پێوەر نەبەستن و پەرلەمان دەسەڵات بدات بە وەزیر بە رێنمایی ئەم بابەتە رێكبخات، چونكە دەزانن ئەو رێنماییەی پێشتر خۆیان دەریانكردووە نایاساییە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی وەزارەتی شارەوانی نەكرد بۆئەوەی ئەو دوو بڕگەیە جێبەجێبكرێت، كە بریتیە لە سزادانی هاووڵاتیان بە بڕی 500 هەزار وە دەسەڵات بدرێتە وەزیر بە رێنمایی ئەم پرۆسەیە رێكبخاتەوە، بەهیچ شێوەیەك بەستنی پێوەر و سزای نەبەستنی پێوەر یاسایی نیە.

_ پۆڵەتیك پرێس : پێوەری كارەباش بۆ هاوڵاتیان بەستراوە، پێشتر باس لەوە دەكرا پێوەری زیرەك ببەسترێت رێژەی كارەبا زیاد دەكرێت، بەڵام كێشەی كەمی كارەبا چارەسەرنەبووە، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

+ دابان محەمەد : پێش هێنانی پێوەری زیرەك وەزارەتی كارەبا بایی پێنج ملیۆن دۆلار پێوەری كڕیوە و شكستی هێناوە لە كۆگاكانیدا كەوتووە، ئێستا دۆسیەكەیان لە دیوانی چاودێری داراییە، لەدوای ئەوە ئەم پرۆسەیەیان دەست پێكرد و درا بە كۆمپانیا، ئەمە ئیشی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانە بەدواداچوونی بۆبكات، بیرۆكەی هێنانی ئەم پێوەرانە هی كێ‌ بووە و بۆچی وای لێهاتووە و شكستی هێناوە دەبێت بەدواداچوونی بۆبكرێت، پێوەری كارەبا ئێستا وەسلێكی زۆر بۆ خەڵك هاتووەتەوە، 19 ملیۆن 20 ملیۆن 24 ملیۆن پارەی كارەبا بۆ هاووڵاتییان هاتووەتەوە ، پرسیارم كردووە لە لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەڵێن ئەمە بەشێكی نەكەوتووەتە كار و هەڵەی ژمارەیە و دەبێت چارەسەربكرێت، بەشێكیشی كەوتووەتە ئیش بەڵام ژمارەی زۆری خوێندووەتەوە، پێوەرەكە (یەكەیە) واتە تا نەوەد یەكە بە 15 دینارە، لە 90 یەكە تا 2000 یەكە بە 30 دینارە، لەوێوە پلە بەندی كراوە، هەڵەی پێوەری زیرەك لە هەولێر نییە تەنها لە سلێمانی هەیە، هۆكارەكەی ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای سلێمانی هەموو مانگێك جارێك ناڕوات بیخوێنێتەوە، ئەمەش وایكردووە كەڵەكە بووە، بەڵام لە هەولێر هەموو سەری مانگێك دەیخوێننەوە.

_ پۆڵەتیك پرێس : پێدانی كامێراكانی چاودێری بە كۆمپانیاكان ئەوەی باس دەكرێت زۆر مەترسیدارە چونكە تاك بە تاكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، مەترسی دانانی ئەو كامێرایانە وەكو باس دەكرێت لە چیدایە؟

+ دابان محەمەد : كاتی خۆی كامێرای هاتووچۆ كۆمپانیا دایناوە كە 52 كامێرایە لەسەر شەقام، دەپرسم ئەو كامێرایانە كێشەیان چیبوو كە دەیان ملیۆن دیناری تێدا خەرج كراوە، هیچ لایەنێك هەیە بپرسێت تۆ لە رابردوودا ئەمەت دا بە كەرتی تایبەت و شكستت هێنا خێرە گرێبەستێكی تر دەكەیتەوە.

_ پۆڵەتیك پرێس : ئێستا حكوموەت زۆربەی دام و دەزگا و بەڕێوەبەرایەتیەكان دەدات بە كەرتی تایبەت مەترسی جێبەجێكردنی ئەم بابەتە لە چیدایە؟

+ دابان محەمەد : مەترسی ئەوە هەیە ئەو كاتە داهات نامێنێت، تەنانەت ئەوەی ئێستە بۆمووچە تەمویل دەكرێت ئەو كاتە ئەوەش نامێنێت، هەندێك لەم كارانەش بە ئەنقەست دەدرێنە كەرتی تایبەت بۆ نمونە پارەی خۆڵ و خاشاك لە هەولێر نییە ، عەریزە نووسین لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر نییە، پارەی كامێراكانی هاتووچۆ لە هەولێر نییە و لە سلێمانی كراوە، یانی خێرە ئەمانە لە هەولێر نین و لە سلێمانی دراون بە كەرتی تایبەت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا