“حكومەت دامەزراوە گشتییەكان هەڕاج دەكات”

پۆڵەتیك پرێس:

حزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند “حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرنامە كاردەكات بۆ چەسپاندنی سیستەمی سەرمایەداری لە كوردستاندا و هەنگاوەكانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ بە تایبەتكردنی كەرتە ئابووری و بازرگانی و خزمەتگوزارییەكان بەردەوامە”.

حزبی شیوعی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا راشیگەیاند هەنگاوەكانی حكومەت لەسەر حسابی فەرامۆشكردنی كەرتی گشتی و فرۆشتنیان بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتە، لە كاتێكدا هەمووان باش ئەو ڕاستیە دەزانین كە كەرتی گشتی مافی هاوڵاتیان دەپارێزێت و لە بەرژەوەندییاندایە .

وتیشی: لە كاتێكدا، ئەم هەڕاجكردنەی موڵكی گشتی لە خزمەتی سەرمایەداری مشەخۆردایە، بەتایبەت لە بوارەكانی ( تەندروستی و خوێندن و ئاو و كارەبا )دا كە سەرەتایترین مافەكانی مرۆڤە، ئەمە سەرباری دواخستنی مووچە و كەمكردنەوەی بێ هیچ بنەمایەكی یاسایی دادپەروەرانە و بڵاوبونەوەی بەرفراوانی بێكاری لە ناو چینی كرێكارداو، نەبوونی هیچ بەرنامەیەك بۆ ِرەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانكۆ و پەیمانگاكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە دواهەمین بڕیار و هەنگاوەكانی ئاسایی كردنەوەی دەوامی فەرمانگەكان لە سەعات (8بۆ3)ی پاش نیوەڕۆ ئەمە لە كاتێكدایە ، كە نە مووچە لە كاتی خۆی و وەكو خۆی دەدرێت نە مەترسی (نەخۆشی كرۆنا) كۆتایی هاتووە ، بە پێچەوانەوە ڕۆژانە بەسەدان كەس تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبێت و بە دەیان هاوڵاتیش لە چاوەڕوانی مەرگدان .

رونیشیكردەوە هاوكات حكومەت بەردەوامە لە فەرامۆشكردنی بواری تەندروستی گشتی كە لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە و لە ڕێگەی چەندین كۆمپانیای نزیك لە دەسەڵات و هەندێك لەبەرپرسانەوە گرنگی بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەدرێت ، و پرۆسەی خوێندن بە شێوازێك بڕیاری لێدراوە كە فشارێكی زۆر دروست دەكات لەسەر خێزانەكان لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردندا ، كە هەمووان باش دەزانین بە هەزاران خێزان ئیمكانێتی هێڵَ و ئەنتەرنێت و مۆبایل و كۆمپیتەریان نیە هێڵەكانیش وەكو پێویست نیە، ئەمەش دەبێتە بارگرانییەكی تر لەسەر شانی هاونیشتمانیان و هاوكات لە بواری كەرتی كارەبادا چەندین ساڵ وەربەرهێنانی كارەبای داوەتە دەست كۆمپانیایەكی ئەهلی و ئەو كۆمپانیا كارەبا دەفرۆشێتەوە بە حكومەت .

راشیگەیاند، لەم كاتەدا مەترسی سەرجەم خانەوادەكان دەكەونە بەر ڕەحمەتی بازاڕی سەرمایەداری و قازانجی كۆمپانیاكانەوە هەر كەس پارەی كارەبای نەبوو بیدات دەبێ لە تاریكیدا ژیان بەسەربەرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا