دەرەبەگایەتی پارتی لە کوردستانەوە بۆ عێراق

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دەیەوێت لەڕێی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە کە بەپێی ڕێککەوتنی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی ماوەی چەند ساڵێکە یەکێتی خاوەنی ئەم پۆستەیە، دەرەبەگایەتی خۆی بەسەر تەواوی عێراقدا بسەپێنێت.

پارتی لەو ڕێککەوتنەی کشایەوە کە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ یەکێتی کردبووی، کە تیایدا کەسێک وەک سەرۆک کۆماری عێراق لەناو حزبی یەکێتیدا هەڵدەبژێردرا، ئەمەش لەدوای ئەوەی هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوە و دارایی عێراقی کاندیدکرد بۆ ئەو پۆسە.

هۆشیار زێباری کە خاڵی مەسعود بارزانییە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندیدکرد و ئەم هەنگاوەش لەلایەن چاودێرانەوە وەک دەرەبەگایەتی بارزانییەکان لێکدەدرێتەوە لە کوردستانەوە بۆ تەواوی عێراق.

“پارتی چاوی بڕیوەتە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەمجۆرەش دەسەڵات و دەرەبەگایەتییەکەی بەسەر هەموو عێراقدا باڵدەکێشێت”

پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کە لەلای نێچیرڤان بارزانی برازای مەسعود بارزانییە و پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش کە لەلای مەسرور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانییە، پارتی هەر بەمانەوە ناوەستێت و چاوی بڕیوەتە پۆستی سەرۆک کۆماریش، دەیەوێت بۆ قۆناغی داهاتووی عێراق، هۆشیار زێباریش ئەو پۆستە پڕبکاتەوە و بەمجۆرەش دەسەڵات و دەرەبەگایەتی پارتی بەسەر هەموو عێراقدا باڵدەکێشێت.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون لەبارەی پێشکەشکردنی دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە لەلایەن یەکێتییەوە دیاریدەکرێت.

بەڵام دواتر هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، “ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان نابەرپرسانە بە ناوی ئێمەوە بڵاوکراوەتەوە، گوایە وازمان لە پۆستی سەرۆک کۆمار هێناوە، دوورە لە ڕاستییەوە”.

لەدوای ئەوەی پارتی درکی بەوەکرد کە یەکێتی دەستبەرداری ئەو پۆستە نابێت و هەڵوێستی خۆی لە پشتیوانیکردنی بەرهەم ساڵح، سەرۆکی ئێستای کۆماری عێراق ناگۆڕێت بۆ دووبارە بوونەوە بە سەرۆک کۆمار، وەرەقەی کۆتایی خۆی فڕیدا و هەستا بە کاندیدکردنی هۆشیار زێباری و پەنابردنەبەر ڕەوتی سەدر و کوتلە سوننییەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی.

ڕۆژی پێنجشەممە بەرهەم ساڵح بەشێوەیەکی فەرمی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند، چاودێران لەمبارەیەوە دەڵێن: سیناریۆکان هاوشێوەی ئەوانەی ساڵی 2018ن، کاتێک یەکێتی و پارتی هەردووکیان کەوتنە ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

لەلایەکی دیکەوە مشعان جەبوری، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاند، سەرکردەی ناو پارتی دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق و هاوشێوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان، دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنێت.

لە تویتێکدا جەبووری نوسیویەتی: بە کاندیدکردنی هۆشیار زێباری دەتوانم بڵێم بەدڵنیاییەوە ئەو دەبێتە سەرۆک کۆماری چوار ساڵی داهاتووی عێراق.

“21ی ئەیلولی 2016 پەرلەمانی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی متمانەی لە هۆشیار زێباری سەندەوە”

وتیشی: دەنگەکانی هۆشیار زێباری بەنزیکەیی هاوتای دەنگەکانی محەمەد حەلبوسی دەبێت، چونکە سەرجەم جەمسەرەکانی هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم و ڕەوتی سەدر و هاوڕێکانیان دەنگ بەو دەدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی 21ی ئەیلولی 2016 پەرلەمانی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن و بەکۆدەنگی 216 پەرلەمانتار، متمانەی لە هۆشیار زێباری سەندەوە.

چاودێران لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە چاویان لەسەر هەڵوێستی ڕەوتی سەدرە کە زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشووی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 73 کورسی پەرلەمان و چەندین جار لە چەندین بۆنەی جیاجیا جەختی لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردووەتەوە و وتوویەتی کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە حکومەتی داهاتووی عێراق لەپێشینەی کارەکانیان دەبێت.

ئێستا سەدر لەو نێوەندەدا تیاماوە، ئایا پابەندبێت بەو بەڵێنانەی پێشتر لەبارەی گەندەڵییەوە داویەتی، چونکە گەر پابەندبێت ئەوا جێگایەک بۆ هۆشیار زێباری نییە لەو بەرنامە چاکسازییەی هەیەتی بە تێڕوانین لە مێژووی زێباری و ئەو تۆمەتانەی دراونەتەپاڵی.

هەموو ئەگەرەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان کە تیایدا دەنگ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەدرێت و تا ئێستاش دیار نییە ئەو دانیشتنە کەی دەکرێت.

 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی عەرەب

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا