عیماد ئەحمەد: بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها یەك كاندیدمان هەیە ئەویش بەرهەم ساڵحە

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەخت لەوە دەكاتەوە، وەك یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق تەنها یەك كاندیدیان هەیە، ئەو كاندیدەش بەرهەم ساڵحە.

ئەمڕۆ پێنج شەمە دواین وادەبوو بۆ ئەو كەسانەی دەیانویست خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید بكەن لە نێو یەكێتی جگە لە دكتۆر بەرهەم ساڵح، هاوكات لەتیف رەشیدیش خۆی كاندید كردبوو.

لەسەر ئەو پرسە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، تەنها بەرهەم ساڵح كاندیدی حزبەكەیانە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار.

پێشتر لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەكردبوو، ئەو كاندیدی هیچ حزبێك نییە و بەنیازیش نییە تا كۆتایی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار لە كاندیدبوونی بكشێتەوە.

هاوكات، باسی لەوەكردبوو، بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زۆربەی حزبەكانی هەرێم پشتیوانی دەكەن.

پرسی سەرۆك كۆماری عێراق ناكۆكی خستوەتە نێوان یەكێتی و پارتییەوە، چونكە یەكێتی وەرگرتنی پۆستەكە بە مافی خۆی دەزانێت بۆیە جارێكی دیكە بۆ ئەم خولەش بەرهەم ساڵحی كاندید كردوەتەوە، بەڵام پارتی بەو كاندیدە رازی نییە، بۆیە دوای سوربوونی یەكێتی لەسەر بەرهەم ساڵح ئەویش هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ هەمان پۆست كاندید كردووە.

لە ئێستاداو بەهۆی راگرتنی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە رێكارەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش راوەستاوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک