پۆلیسی سلێمانی باندێكی فریودەری دەستگیركرد

پۆڵەتیك پرێس

پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد، باندێكی چەند كەسیان دەستگیركردووە كە ئۆتۆمبێلیان بەنرخی هەرزان كڕیووەو دواتر سوتاندوویانەو بەهۆیەوە پارەیان لە خەڵكی پێ كۆكردوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە رایگەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دوكان – بنكەی پۆلیسی خەلەكان باندێكی فیڵكردنیان دەستگیركرد كە پارەیان لەهاوڵاتیان كۆكردبوەوە .

باس لەوەشدەكەن، دوای ئەوەی بنكەی پۆلیسی خەلەكان ئاگاداركرایەوە لەبوونی ڕوداوێكی سوتانی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگای دوكان – ڕانیە، پاش چوونی هێزەكانی پۆلیسی دوكان و بەرگری شارستانی بۆ شوێنی ڕوداوەكە دەركەوت كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری میتسیوبوشی ژمارەی نەینەوا بەتەواوەتی سوتاوەو شۆفێرەكەی بەناوێكی خوازراوەوە خۆی وەك پێشمەرگە دەناسێنێت و سێ كەسی تریش لەشوێنی ڕوداوەكە بوون.

ئەوەشهاتووە، ئەو كەسانە بەهۆی ئەو روداوەوە، بڕی پێنج ملیۆن و 794 هەزار دیناری عێراقی و 320 دۆلار و 50 یۆرۆیان لەڕێبوارانی ئەو شەقامە بۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلە سوتاوەكە كۆكردۆتەوە .

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، “بەھۆی گومانیان لەڕووداوەكە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی خەلەكان دەستبەجێ لێكۆڵینەوەی وردیان دەستیپێكردوو زانرا كە خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە ناوی (م ، خ ، أ لەدایكبووی 1992)دانیشتوی قەزای ئاكرێیەو پیشەی پێشمەرگە نییەو بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە ئەم كارەی كردووەو پۆشاكی پێشمەرگەی لەبەركردووەو ئەو كەسانەشی كە پارەكەیان بۆ كۆكردۆتەوە شەریكی تاوانەكەی بوون و ئۆتۆمبێلەكەش بەنرخێكی هەرزان كریویانەو خۆیان سوتاندویانە” .

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەو باندە چەندجارێك ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە لەبەحركەو سەنگەسەرو چەند پارێزگایەكی ترو لەكاتی لێكۆڵینەوەشدا دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا