“میلیشیاکان”.. بەربەستەکانی بەردەم حکومەتی نوێی عێراق

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

شارەزایان هۆشداری دەدەن لەبارەی دۆخی عێراق و دروستکردنی پشێوی لەلایەن “میلیشیا” چەکدارەکانی ئێران لە عێراق و هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ڕەوتی حکومەتی داهاتووی وڵاتەکە.

بەپێی قسەی شارەزایان، “میلیشیاکان” وەک ناڕەزایەتی دژی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەوڵ دەدەن لەڕێی زیادکردنی هێرشی موشەکی و توندوتیژی بەربەست بخەنە بەردەم ڕێگەی پەرلەمانی نوێی عێراق، کە مافی ئەوەی هەیە سەرۆکی نوێی حکومەت دیاریبکات.

پێشتر حزبوڵـڵای عێراق هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ڕۆژانێکی سەخت و پڕ توندوتیژی ڕوو لە عێراق دەکەن و دەبنەهۆی تێکدانی ئاشتی ناوخۆی وڵاتەکە.

ئەم هەڕەشانەی حزبوڵـڵا هاوکات بوو لەگەڵ ڕەتکردنەوەی بەرئەنجامەکانی یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق لەلایەن هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.

ڕۆژی یەکشەممە پەرلەمانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خۆی بە سەرۆکایەتی مەحمود مەشهەدانی، بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پشێوی لەنێوان ئەندامانی پەرلەماندا دروستبوو، ئەوەبوو هێرشکرایەسەر مەشهەدانی و بەهۆیەوە باری تەندروستی ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق تێكچوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

“حزبوڵـڵای عێراق هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ڕۆژانێکی سەخت و پڕ توندوتیژی ڕوو لە عێراق دەکەن”

دواتر دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی دووەم بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان بەڕێوەچوو کە ئەویش خالید دەراجی بوو، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان و حاکم زاملی وەک جێگری یەکەم و شاخەوان عەبدوڵـڵا وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردران.

بەڵام دواتر بەبیانووی ئەوەی کە مەحمود مەشهەدانی لەکاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادەیی نەبوو، ئەندامانی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ئەوانیش هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت و بزوتنەوەی عەتا و حزبی فەزیلە هاوشانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کشانەوە و ئەنجامەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانیان پەسەند نەکرد.

ڕۆژی چوارشەممەش لەدوای کۆبوونەوەیان، هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەیان بەوەکرد، “دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان پێشێلکاری یاسایی و دەستووری تێداکراوە، چونکە بەبێ ئامادەیی مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی نوێی عێراق هەڵبژێردراوە”، ئەوەبوو لەسەر ئەم دۆسیەیە چوارچێوەی هەماهەنگی سکاڵای یاسایی لەلای دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد.

ڕەوتی سەدر کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بووە خاوەنی 73 کورسی پەرلەمان، لە ئێستادا دەیەوێت خۆی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنێت و سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریبکات، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت خۆیان سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریبکەن و ئەمەش خاڵی ناکۆکی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدرە.

“سەدر: حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتی یاسا دەبێت”

لایخۆیەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، “ڕێگە نادەین بە هیچ کەسێك ببێتە هەڕەشە بۆسەر هاوبەشەکانمان و ببێتە مەترسی بۆسەر ئاشتی ناوخۆیی وڵات”، جەختی لەوەشکردەوە، “حکومەتی داهاتووی عێراق حکومەتی یاسا دەبێت، کە هیچ بوارێک نادات بە پێشێلکاری لەلایەن هیچ کەسێکەوە”، وتیشی: گەڕانەوە نییە بۆ شەڕی تائیفی و توندوتیژی، یاسا دەبێتە فەرمانڕەوا.

لەمبارەیەوە نەجم قەساب، شرۆڤەکاری سیاسی عێراق دەڵێت: موقتەدا سەدر دەیەوێت حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنێت بە بەشداری هاوپەیمانەکانی، ئەگەر نەشتوانێت ئەمە بکات، ئەوە پەنادەباتە بەر ئۆپۆزسیۆن بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتەکەی.

نەجم قەساب ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو هێما و زانیارییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی رێککەوتن لەنێوان سەدر و محەمەد حەلبوسی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتیدا هەیە، ئەمەش لەکاتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە 200 دەنگ، بەڕوونی دەرکەوت”.

داهاتووی “میلیشیاکان” لە عێراق لەدوای لێدوانەکەی سەدر کەوتە مەترسییەوە کاتێک وتی: هیچ جێگایەک بۆ “میلیشیاکان” نییە لە عێراق، هەمووان پشتیوانی لە سوپا و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان دەکەن”.

لەمبارەیەشەوە ئیحسان شمری، سەرۆکی ناوەندی ئایدۆلۆژیای سیاسی لە عێراق ئاماژە بە ترس و دڵەڕاوکێکانی “میلیشیاکان” دەکات لە پڕۆژەکەی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و دەستبەسەرداگرتنی چەکی “میلیشیاکان” و گەڕاندنەوەی ئەو چەک و هێزانە بۆ دەوڵەت.

 

سەرچاوە: سکای نیوز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا