پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لەبارەی تاقیكردنەوەكانی ئەمڕۆ پێنج شەممە چەند بڕیارێكیدا و رایگەیاند: ئەوانەی تاقیكردنەوەی ئەمڕۆیان ئەنجامداوە، بۆیان هەژماردەكرێت.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند: لەبەر ئەوەی پێشبینی لافاو نەدەكرا چڕی باران لە كاتژمێر7:15 تا 7:45 خولەك زۆر زیادی كرد، بۆیە بە ناچاری بەر لە دەستپێكی تاقیكردنەوەكان تاقیكردنەوەی ئەمڕۆمان دواخست و كرا بە پشوو لە قوتابخانەكان بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی قوتابیان و مامۆستایان، بەڵام هەندێك قوتابخانە درەنگ ئەو ئاگاداركردنەوەیان پێ گەیشتووە بۆیە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن:
1. لەهەر قوتابخانەیەك تاقیكردنەوەی ئەمڕۆ ئەنجامدرابێت ئەوا ئاساییە و هەژمار بكرێت و ئەگەر هەر قوتابیەك لەم قوتابخانانە نەیتوانیووە تاقیكردنەوە ئەنجام بدات ئەو بەپێی ڕێنمایی ئەزموونەكان لە حەفتەی یەكەمی وەرزی دووەم تاقیكردنەوەی پێی بكەنەوە.
2. ئەو قوتابخانانەی ئەمرۆ تاقیكردنەوەكانیان دواخستووە ئەوا تاقیكردنەوەی ئەمرۆ دەبێتە شەممە و خشتەی تاقیكردنەوەكان ڕۆژێك دەچێتە دواوە وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت.
3. چەند قوتابخانەیەك لە سنوری بەریوەبەرایەتی گشتیمان ئاو چۆتە ناو قوتابخانەكانەوە و رحلە و هۆڵی تاقیكردنەوەكانیان تەڕ بوون و زیانیان هەبووە ، داواكارین بە زوترین كات لە رێگای پەروەردەكانەوە ناوی قوتابخانەكان و جۆری زیانەكەمان بۆ بنێرن.