كێشەكانی هەرێم و بەغدا بەلیژنەكان سپێردرانەوە

پۆڵەتیك پرێس

دواین چەند ساڵێك لەكۆبونەوەی چڕو بەردەوامی نێوانیان، بەڵام جارێكی دیكە هەرێم و بەغدا چارەسەركردنی كێشەكانی چەند ساڵەی خۆیان بە لیژنەكان سپاردەوە.

ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات ئێستا هەرێم پەلەی نییە لەوەی رێككەوتن بكات و بەوتەی ئەو حكومەت دۆخی هاوڵاتیانی لا گرنگ نییە، بۆیە چەندینجارە دەچنە بەغداو چارەسەركردنی كێشەكان بە لیژنەكان دەسپێرن.

سە‌میر هە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی حكومە‌تی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەكۆبونەوەی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی هەرێم و عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بڕیاردراوە لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی؛ نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، چاوەڕوان دەكرێت ئەو لیژنانەی دروست دەكرێن سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.

 

شاندی هەرێم: بڕیاردراوە لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكانمان

پەرلەمانتارێك: حكومەت دۆخی هاوڵاتیانی لا گرنگ نییە بۆیە پەلەی رێككەوتنى نییە

 

لەماوەی رابردودا هەرێم و بەغدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی مانگانە بەغدا بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنرێت، لە بەرامبەریشدا هەرێم رازی بوو بەوەی نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان رادەستی بەغدا بكات.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێس راگەیاند، دروستكردنەوەی لیژنە دەرخەری ئەوەیە هەردولا ناگەنە ئەنجام و دەیانەوێت بە هاوڵاتیان بڵێن كە ئەوان لە گفتوگۆكانیان بەردەوام دەبن.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێم دەیەوێت رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا دوا بكەوێت تا بەو پارەیەی لە بەغداوە دێت ئیشی خۆی تێپەڕێبێت و تا ئەو كاتەش نرخی نەوت بەرزببێتەوە.

 

دروستكردنەوەی لیژنە لەلایەن هەرێم و بەغدا لەكاتێكدایە، هاوڵاتیانی هەرێم چاوەڕوان بوون لەسەردانەكەی ئەمڕۆی شاندی هەرێمدا رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا رابگەیەنرێت، چونكە هەردولا ماوەیەكی زۆرە گفتوگۆ دەكەن، پێشتریش چەندین لیژنەی تایبەتمەندو لاوەكیان لە زۆربەی بوارەكاندا پێكهێناوە، بەڵام هێشتا نەگەشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا