دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد

پۆڵەتیک پرێس

سەرەڕای دواخستنی بۆ دوو جار، لە ئێستادا دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردووەو سەرەتاش پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، 325 پەرلەمانتاريش بەشداری كۆبونەوەكەن.

لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا تەنها پەڕلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.

هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی سەدر، یەكێتی، پارتی، تەقەدوومن عەزم بەشداری کۆبونەوەکەیان کردووە.

هەرچەندە چاوەڕوان دەكرا ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری بكرایە، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان، هەڵبژاردنیان دوادەكەوێت.

ژمارەیەك پەرلەمانتار كە لە دەرەوەی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگین نەچوونەتە هۆڵی پەرلەمان، هەروەها لە نێو فراكسیۆنی ئیمتیداد هەندێكیان نەچوونەتە ژوورەوە.

بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ لایەنە شیعەكان دەبێت، سەرۆك كۆمار بۆ كوردو سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ سونەكان دەبێت.

پێشتر محەمەد حەلبوسی وەك كاندیدی سونەكان یەكلایی بوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا رێككەوتن لەسەر دوو جێگرەكەی نەكراوە كە یەكێكیان بۆ شیعەو ئەوی دیكەیان بۆ كوردە، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی نادرێت، چونكە دەنگدان لەسەر دەستەكە یەك پاكێجەو پێكەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک