عومەر گوڵپی: کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک و ڕێنمایی گرێبەستی ئەلیکترۆنی پێچەوانەی‌ یاسان

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێکی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند، “لە کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک و ڕێنمایی گرێبەستی ئەلیکترۆنی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل، سەرپێچی یاسا و بنەما دەستورییەکان کراوە، داوامان کرد هەڵبوەشێنرێنەوە”.

عومەر گوڵپی، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “بە پێی‌ بڕگەی‌ یەکەم لە ماددەی‌ (28)ی‌ دەستور، هیچ “باج” و “ڕسومات”ێک وەرناگیرێت، هەروەها لێخۆشبوونی‌ بۆ ناکرێت، تەنها بە یاسا نەبێت، هەربۆیە شێوازی‌ وەرگرتنی‌ پارەی‌ خۆڵ‌ و خاشاک لەلایەن شارەوانی‌ و هەندێک ڕسوماتی‌ تری‌ شارەوانی‌ و سەپاندنی‌ گرێبەستی‌ ئەلیکترۆنی ‌‌و ژمارەیەک ڕسوماتی‌ تر بە ڕێنماییەک بەسەر کڕیار و فرۆشیاری‌ ئۆتۆمبیل ‌و پێشانگا و کۆمپانیاکانی‌ ئۆتۆمبیل پێچەوانەی‌ یاسان ‌و پێویستە دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێنەوە، هەربۆیە بە نووسراوی‌ ژمارە (135) لە (9ی‌ 1ی‌ 2022) داوامانکردووە ئەم دوو بڕیار و ڕێنماییە هەڵوەشێنەوە:

1- ئەو کرێ و ڕسومات و سزایانەی‌ لە ڕێنمایی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ، ژمارە (3)ی‌ ساڵی‌ (2021)ی‌ ڕێکخستنی‌ کاری‌ کۆمپانیاکانی‌ هاوردەکردن و گواستنەوە و فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبیل و پێشانگاکانی‌ فرۆشتنی‌ ئۆتۆمبیلدا هاتوون کە بوونەتە هۆی‌ بارگرانی‌ بەسەرشانی‌ هاوڵاتیان ‌و پەکخستنی‌ کاری‌ پێشانگا و کڕیار و فرۆشیاری‌ ئۆتۆمبیل.

2- کۆکردنەوەی‌ پارەی‌ خۆڵ و خاشاک لە ڕێگەی‌ کۆمپانیاوە کە پشتی‌ بە بڕیاری‌ ژمارە (91)ی‌ ساڵی‌ (2021)ی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بەستووە و تا ئێستا تەنها لە شاری‌ سلێمانی‌ خراوەتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا بەپێی‌ بڕگەی‌ (یەکەم)ی‌ ماددەی‌ (دوو)ی‌ یاسای‌ ژمارە (130)ی‌ ساڵی‌ (1963)، یاسای‌ داهاتی‌ شارەوانیەکان، بەرکار لە هەرێمی‌ کوردستان، هەموو پارەی‌ ڕسومات و کرێی‌ ئەو خزمەتگوزارییانەی‌ شارەوانیەکان پێشکەشی‌ دەکەن بە تەنها لە ڕێگەی‌ کارمەندی‌ شارەوانیەوە کۆدەکرێنەوە و بەهیچ جۆرێک نابێت بدرێن بە کۆمپانیا، ئەمە بێجگە لەوەی‌ هەموو کرێ و ڕسوماتەکانی‌ شارەوانی‌ بە یاسا دەستنیشانکراون و بە بڕیارو ڕێنمایی‌ حکومەت هەموار ناکرێن، هەربۆیە پشت بەستن بە بڕیاری‌ ژمارە (91)ی‌ ساڵی‌ (2021)و بڕیاری‌ ژمارە (126)ی‌ ساڵی‌ (2017) تایبەت بە ڕێکخستنەوەی‌ ڕسوماتی‌ شارەوانیەکان هەڵەیە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا هاتووە، “دەستبردن بۆ زیادکردنی‌ ڕسومات ‌و کرێی‌ خزمەتگوزاریی ‌‌و شێوازی‌ کۆکردنەوەی‌ لە دەرەوەی‌ یاسا، هەڵەیەکی‌ کوشندەیە، لە چەندین بوار حکومەت سەرقاڵی‌ ئەم کارەیە، ئەمە بێجگە لە نایاسایبوونی‌، دەبێتە هۆی‌ بارگرانی‌ بۆ ژیانی‌ هاوڵاتیان، چونکە لە بنەمادا ڕەچاوی‌ ژیانی‌ هاوڵاتی ‌‌و کار و کەسابەت ‌و ئاستی‌ بژێوی‌ نەکراوە و تەنها بیر لەوە کراوەتەوە داهات زیادبکرێت ‌و ژمارەیەک کۆمپانیا ببنە خاوەنی‌ پارە و پوولی‌ زیاتر! بۆیە ئێمە دژی‌ ئەبین‌ و هەوڵی‌ هەڵوەشاندنەوەیان دەدەین، لەم کارەشدا لیژنەکانی‌ (یاسا، دارایی‌‌و ئابوری‌، شارەوانی‌‌و گەشت‌و گوزار) لە پەرلەمانی‌ کوردستان ئەرکی‌ گەورەیان لەسەرشانە‌ و چاوەڕوانی‌ وەڵامدانەوەی داوای‌ هاوڵاتیانیان لێ دەکرێت”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک