هۆشداریەكی توند لە وەزارەتی كارەباوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند: پرۆژەی پێوەری زیرەك یەكێ لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی كەرتی كارەبای هەرێمە ئەوەشدەخاتە ڕوو، لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێك بە تۆڕ و ئامێرەكانی كارەبا، رێكاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند: پرۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا یەكێ لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی كەرتی كارەبای هەرێمە و رۆڵێكی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە.

وەزارەتی كارەبا راشیگەیاندووە، تا ئێستا لە 79% ی پڕۆژەكە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەكانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەكانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەكانی كارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەكەكان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەكان كەم بكاتەوە و دادپەروەری لە دابەشكردنی كارەبا بەدی بێنێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێوەری زیرەك بەهۆی كاریگەرییە ئەرێنییەكانی، نارازی بوونی ئەو كەسانەی لێ كەوتووەتەوە، كە ساڵانێكە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، كارەبا دەدزن و پارەی كرێی كارەبا نادەن و مافی خەڵكی دیكەیان پێشێل دەكرد.

ئەوەش روونكراوەتەوە كەمی ماوەكانی پێدانی كارەبا هیچ پەیوەندییەكی بە پێوەری زیرەكەوە نییە، بەڵكو لە پلەی یەكەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر كارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی كارەباوە هەیە.

وەزارەتی كارەبا جەختیش دەكاتەوە، بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە كار و ئەركی پڕۆژەی پێوەری زیرەك تێنەگەیشتوون و نازانن ئەركی ئەم پێوەرە لە كەرتی كارەبادا لەپاڵ بەشەكانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشكردن چییە.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، وەزارەتی كارەبا لەگەڵ ئەوەی كە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزكردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەكارهێنانی كارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەكانی كارەبا و ئەركەكانی هەر یەك لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێكیش بە تۆڕ و ئامێرەكانی كارەبا، سەرەتا زیان بە كارەبای ماڵەكەی خۆی دەگەیەنێت و رێكاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.

ماوەی چەند رۆژێكە هەڵمەتێك دژی پێوەری زیرەكی كارەبا دەستی پێكردووە و ئەوانەی بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەپشتی هەڵمەتەكەوەن باس لەوە دەكەن رۆژی یەك شەممە 9_1_2022 لە شاروچارۆچكەكانی هەرێم دەست دەكەن بە لابردنی پێوەری زیرەكی ماڵان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا