كارنامەی كۆبونەوەكەی سبەی پەرلەمانی عێراق ئاشكرا كرا

پۆڵەتیك پرێس

بڕیارە سبەی یەك شەممە یەكەمین كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراقیش كارنامەكەی كۆبونەوەكەی ئاشكرا كرد.

بەپێی كارنامەكە، یەكەم كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بە مارشی كۆماریی عێراق دەستپێدەكات، پاشان چەند ئایەتێكی قورئان دەخوێندرێتەوە، پاشان سوورەتی فاتیحە بۆ رووحی شەهیدانی عێراق دەخوێندرێتەوە.

هەروەها، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق وتارێك دەخوێنێتەوەو دواتریش بەخێرهاتنی ئەندامانی پەرلەمان دەكات، پاشان بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە دەكات، كە مەحمود مەشهەدانییە لە هاوپەیمانێتی عەزم.

لە كارنامەكەدا هاتووە، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەكات سوێندی یاسایی بخۆن.

دوای ئەو رێكارانە، سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان بەبۆنەی دەستپێكردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان وتارێك پێشكێش دەكات، لە كۆتاییشدا سەرۆكی بەتەمەن دەرگای خۆبەربژێركردن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەكەی دەكاتەوە.

رۆژی 10ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردو، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامەكانیش بەمشێوەیە بوون.

رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیە.

هەروەها هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ كورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی ٣٣ كورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری ١٧ كورسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ كورسییان بەدەستهێناوە.

 

لە ناو هێزە كوردییەكانیشدا، پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی ٣١ كورسی، یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی ١٨ كورسی.

هاوكات نەوەی نوێش 9 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ماوەی رابردودا لەگەڵ جوڵانەوەی ئیمتیداد و چەند پەرلەمانتارێكی دیكەدا “هاوپەیمانی لەپێناو خەڵك”یان دروستكردووە و هاوپەیمانییەتییەكە خاوەنی ٢٨ كورسییە و وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن كاردەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا