سیناریۆکانی یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرباری نزیکبوونەوەی یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی نوێی عێراق کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو ئەنجامبدرێت، مشتومڕی سیاسی بەردەوامە سەبارەت بە پێکهێنانی کوتلەی زۆرینە، کە مافی ئەوەی دەبێت سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق دیاریبکات، پێشبینیش دەکرێت پێکهێنانی حکومەت بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان دوابکەوێت.

بەپێی دەستووری عێراق، کوتلەی زۆرینە کە زۆرترین ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەیە، مافی ئەوەی هەیە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاریبکات، پاشان سەرۆککۆمار ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی پێدەسپێرێت و پێشکەشی پەرلەمانی دەکات تا لەماوەی مانگێکدا دەنگی لەسەر بدەن.

لەوبارەیەوە سەرکردەیەکی ناو ڕەوتی سەدر باس لەوە دەکات، “کوتلەی سەدر هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی خۆی وەک کوتلەی زۆرینە تۆماربکات بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ هێزێکی دیکە، بەتایبەتی کە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان جەخت لەوەدەکاتەوە، کوتلەی زۆرینە خۆی دەبێتە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمان، نەک ئەو کوتلەیەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند هێزێکی دیکەدا دروستدەکات.

سەدر هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی خۆی وەک کوتلەی زۆرینە تۆماربکات بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ هێزێکی دیکە

ئەو سەرکردەیەی ناو ڕەوتی سەدر وتیشی: ڕەوتی سەدر لەدوای ئەوەی کوتلە گەورەکەی خۆی بەشێوەیەکی فەرمی تۆماردەکات، هەوڵدەدات کار بۆ ئەوە بکات هاوپەیمانییەکی گەورەی سیاسی پێکبهێنێت کە زۆرینەی هێزە سیاسییە کاریگەر و چالاکەکانی تێدابێت تا بەیەکەوە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، “هاوپەیمانییەکە سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق لەخۆدەگرێت، بەڵام هەموو هێزە سیاسییەکان نا، تا جارێکی دیکە نەگەڕێینەوە سەر بەش و بەشکاری”، وتیشی: هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدەن ڕەوتی سەدر بخەنەناو ڕیزی چوارچێوەکەوە، لەپێناو دروستکردنی کوتلەی گەورەی شیعەکان، ئەمەش لەلایەن موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدرەوە ڕەتکراوەتەوە”.

ئاشکراشیکرد، “ئێمە کار بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکەین، بەبەشداری بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەک هەموو لایەنەکان”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئەو هێزانە لەخۆدەگرێت کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان رەتکردەوە، سوورە لەسەر ئەوەی خۆی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی پێکبهێنێت.

لەوبارەیەوە وائیل رەکابی، سەرکردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، “چوارچێوەی هەماهەنگی کوتلەی گەورەیە و هەر خۆی حکومەتی نوێی عێراق پێکدەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت ڕەوتی سەدر ببێتە بەشێک لەو کوتلەیە و بەشێکیش لە حکومەتی نوێ، هەر ئەمەشە وایلێکردووین بەردەوامبین لە دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ ڕەوتی سەدر”.

سەدرییەکان هاوپەیمانییەکیان ناوێت کە دەوڵەتی یاسای لەخۆگرتبێت

ئەوەشی خستەڕوو، “چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدات لەمیانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان، بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر، کوتلەی گەورەی پەرلەمان تۆماربکات و ڕابگەیەنێت، بەڵام سەدرییەکان هاوپەیمانییەکیان ناوێت کە دەوڵەتی یاسای لەخۆگرتبێت کە لەلایەن نوری مالکییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت”.

وتیشی: لێکدانەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕوون و ئاشکرایە لەبارەی کوتلەی زۆرینە، ئەگەر ئەم ناکۆکییانەش بەردەوامبن ئەوا بە بوونی دوو کوتلەی گەورە لە پەرلەماندا، سیناریۆی هەڵبژاردنی ساڵی 2018 دووبارە دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەموو گفتوگۆ و دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

رەکابی جەختی لەوەکردەوە، “کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە دەکەین بەر لە ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، بەڵام هەتا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەمبارەیەوە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر نەکراوە”، وتیشی: ژمارەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی ژمارەی ئەندامانی ڕەوتی سەدری تێپەڕاندووە، جگە لەوەش چەند ئەندامێکی سەربەخۆ هەن کە لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دێنەپاڵ چوارچێوەی هەماهەنگی.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم ناکۆکییانەدا، چاودێران پێشبینی ئەوە دەکەن، دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ناکۆکی قوڵ بەخۆیەوەببینێت، لەوبارەیەوە محەمەد تەمیمی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ناکۆکی گەورەی سیاسی بەخۆیەوەدەبینێت لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکاندا، بەتایبەتی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە دروستکردنی کوتلەی زۆرینە و دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

محەمەد تەمیمی پێشبینیش دەکات، “لەمیانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دوو کوتلەی گەورەی پەرلەمان پێکبهێنرێت وەکچۆن لە ساڵی 2018 ڕوویدا”.

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک