خاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی هۆشداری توند دەدەنە حكومەت

پۆڵەتیك پرێس

خاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لە كەنەكەوەی سلێمانی هۆشداری توند دەدەنە حكومەت ئەگەر بێت و بڕیاری گرێبەستی ئەلیكترۆنی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل هەڵنەوەشێنێتەوە.

ئەو خاوەن پێشانگایانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پۆڵەتیك پرێس ئامادەی بوو رایانگەیاند، ئەوان نزیكەی پێنج هەزار كەس دەبن كە لەو پێشانگایانە كاردەكەن ئەو بڕیارەی حكومەت زیانی گەورەی پێگەیاندوون.

داواشیانكرد، هەرچی زووە حكومەت بەو بڕیارەیدا بچێتەوەو كاری پێنەكات، چونكە ئەوان رەتیدەكەنەوەو لە رۆژانی داهاتوشدا هەڵوێستی توندیان دەبێت، لەبەرئەوەی ئەو بڕیارە زیانی بۆ ئەوان و هاوڵاتیان هەیە.

دەشڵێن، “پێویستە ئەو گرێبەستانەی پێشتر كردومانە كاریان پێ بكرێت و با ئێمەش كۆدمان هەبێت و وەك پێشانگاكانی دیكە مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت”.

ئاماژەیان بەوەشكرد، لەوتەی ئەو بڕیارە دەرچووە ئەوان كارو كاسبان لاواز بووە، بەڵام چەند كەسێكیش ئەم بڕیارەیان ئیستیغلال كردووەو پارەیەكی زۆریان بۆ خۆیان كۆكردوەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، پێویستە لەمەودوا بۆ مامەڵەی بە ناوكردنی ئۆتۆمبێل كار بە گرێبەستی ئەلیكترۆنی بكرێت.

بەپێی بڕیارەكە كڕیارو فرۆشیاری ئۆتۆمبێل لەو كۆمپانیایانەی كە كۆدیان هەیە فۆڕمێكی ئەلیكترۆنی پڕدەكەنەوەو دواتر لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ مامەڵەكانی دیكەیان بۆ تەواو دەكرێت، بەڵام هەر زوو بڕیارەكە لەلایەن خاوەن پێشانگاو هاوڵاتیانەوە رەتكرایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا