تەرمی گەنجە شوانكارەكە دۆزرایەوە كە لە لافاوەكەی هەولێر گیانی لە دەستدابوو

پۆڵەتیك پرێس

پەیامنێری پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەمە تەرمی ئومێد نامیق دۆزراوەتەوە كە لە رووداوی لافاوەكەی چەند رۆژی رابردووی هەولێر گیانی لە دەستدابوو، بەڵام تەرمەكەی نادیار بوو.

بەوتەی پەیامنێری پۆڵەتیك پرێس، تەرمەكە دۆزراوەتەوەو بڕیارە ببرێتە پزیشکی دادی و دوای رێكارە یاساییەكان رادەستی كەسوكارەكەی بكرێتەوە.

راشیگەیاند، تەرمەكە لە کەندێکی گەڕەكی ژیان دۆزراوەتەوە كە 10 كیلۆمەتر لە ماڵەی خۆیەوە دوورەو لەلایەن دوو گەنجەوە بینراوەو پەیوەندی بە بەرگری شارستانی هەولێرەوە كراوە.

رێكەوتی 17ی مانگی رابردو لە هەولێر لافاو رویداو بەهۆیەوە 12 كەس گیانیان لەدەستدا، لەو ژمارەیەش دوو كەسیان بێسەرو شوێن بوون، دواتریش چەندینجار گەڕان بەدوای چارەنوسی ئەو دوو كەسەدا دەستیپێكرد، بەڵام هیچ سەرەداوێك لە بارەیانەوە بەردەست نەكەوت.

تائێستاش چارەنوسی دانەر نەبەز كە تەمەنی 10 مانگە نادیارەو گەڕان بەدوای تەرمی ئەویشدا بەردەوامی هەیە.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەولێر بەڵێنیدا تەرمی دانەر نەبەزیش بدۆزنەوە.

بەپێی ئامارەكان زیانەكانی لافاو لەهەولێر تائێستا ٣هەزار و ٢٧٨ زیانلێكەوتوو فۆڕمیان پڕكردۆتەوە كە ٢هەزار و ٧٧٥ خێزان ئاو چۆتە ماڵەكانیان و هەزار و ٧٨ ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەركەوتووە.

هاوكات، ٣٨٦ خانوو تێكچوون، ١٤٠ دوكان و فرۆشگا زیانیان بەركەوتووە، هەزار و ٢٩ سەر مەڕ و ماڵات لەناو چوون، ٤٢ مۆلیدەی گەڕەكەكان، ١٦٠ زەوی كشتوكاڵ زیانی بەركەوتووەو بەرهەمەكانی تێكچووە.

پێشتریش ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هاوكاری و كۆمەك بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوی دووەمی هەولێر بەردەوامە، بڕی هاوكارییەكان تا ئێستا گەیشتووەتە ٥ ملیار و ١٠٤ ملیۆن دینار، هەروەها ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دینار لەلایەن سەرۆكی هەرێم بۆ پێداویستی سەرەتایی دابینكراوە و ١ ملیار دیناریش لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ چاككردنەوەی ڕێگاو ئاوەڕۆ شوێنەكانی میری دابینكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا