یوئێن لەبارەی سزای بكوژانی خاشقچییەوە هاتە دەنگ

ئەم بابەتە 83 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس

ئامادەكاری راپۆرتەكانی یوئێن رایگەیاند، حوكمەكانی دادگای سعودییە لە بارەی كەیسی خاشقچیەوە شەرعییەتی نییە، چونكە بەرپرسیارێتی محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودییە لەخۆ ناگرێت.

ئاگنێس كالامار ئامادەكاری راپۆرتەكانی یوئێن لەتویتێكدا حوكمەكانی دەسەڵاتدارانی سعودییەی لەبارەی كوشتنی رۆژنامەوان جەمال خاشقچی بە نایاسایی ناوبردووە.

كالامار لەزنجیرە تویتێكدا دەڵێت، “بڕگەو مادەكانی دادگاییەكە هیچ شەرعیەتێكی یاسایی و ئەخلاقییان نییە و پرۆسەكە دادپەروەرانەو شەفاف نەبووە”.

هاوكات ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەكانی دادگا لەكەیسی خاشقچیدا بەرپرسانی پلە بەرزی سعودییەی نەگرتوەتەوە، “پێویستە دەوڵەتان و بەتایبەت ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، كە بە بێدەنگی چاودێری پرۆسەكانی دادگاییكردنەكەیان كردووە، هەموو توانای خۆیان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بخەنەگەڕ”.

 

ئەو وتانەی كالامار دوای ئەوەهات كە نوسینگەی داواكاری گشتی سعودییە سزای بۆ بكوژانی جەمال خاشقچی دەركردو بەپێی سزاكانیش پێنج لەو كەسانە بەسزای 20 ساڵ و سێ كەسی دیكەش بەسزای حەوت بۆ 10 ساڵ زیندانی سزادا.

جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووسی سعودییە لە ساڵی 2017ەوە لە ئەمریكا دەژی و بە ڕەخنەگرتنی لە سەركردایەتی سعودییە ناسرابوو، خاشقچی رۆژی دووی ئۆكتۆبەری 2018 لە ناو كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئەستەنبوڵ لەلایەن تیمێكی تایبەتی تیرۆركردنی سعودییەوە كوژرا، بەڵام تائێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک