سوپای عێراق لە پاراستنی وڵاتەوە بۆ سەركوتكردنی هاووڵاتیان

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سوپای عێراق، هێزێكی نیزامی كۆماری عێراقە، مێژووەكەی بۆ 6-1-1921 دەگەڕێتەوە، كە لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا و لەسەردەمی حكومی پاشایەتی دامەزرا.

یەكەم فەوجی سەربازی بەناوی “فەوجی موسا كازم” لەسەربازانی پێشووی سوپای عوسمانی لە كازیمیەی بەغدای پایتەخت دروستكرا، بەڵام ئێستا ئەو سوپایە، لە هێزی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی پێكهاتووە.

یەكەم دەستوەردانی سەربازی لەلایەن سوپای عێراق لە 29 تشرینی یەكەمی 1936 بەسەرۆكایەتی فەریق بەكر سدقی و هاوپەیمانانی بەشێك سووپا بوو، كە ‌داوای دەست لەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی یاسین هاشمی، سەرۆكوەزیرانی سەردەمی پادشایەتی دەكرد و لەبری ئەو حیكمەت سلێمان، وەزیری ناوخۆ بكرێتە سەرۆكوەزیران.

ئەو هەنگاوەی سوپای عێراق بەیەكەم دەستوەردانی سەربازی لەكاروباری سیاسی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق دادەنرا.

لەساڵی 1958 لەلایەن عەبدولكەریم قاسم، یەكەم كودەتای سەربازی دژی دەسەڵاتی وڵاتەكەی ئەنجامداو توانی فەیسەڵی دووهەم، لەتەختی دەسەڵاتەكەی لابەرێت و یەكەم رژێمی كۆماری لەوڵات دروستبكات.

لەدوای كودەتای دووەمی بەعسیەكان لەساڵی 1968ەوە تاوەكو 2003 زۆرترین ئەفسەر و فەرماندەكانی سوپای عێراق كەسانی سوننە مەزهەب بوون.

سوپای عێراق لەساڵی 1980 ژمارەی سەربازانی لەسنووری 190 هەزار سەرباز بووە و گرنگترین پێكهاتە سەربازییەكانیش 12 فیرقیەی سەربازی بووە، كە پێنج تیمی زریپۆش بووە و ئەوانەی دیكەشی لەنێوان پیادەو تەكنیكی دابەشبووە.

هاوكات خاوەنی 1740 تانكی جۆری تی 54 و 55 و 62 بووە. ژمارەیەكی كەمی تانكی تی 72 بووە، زۆربەی چەك و جبەخانەكانیشی لەلایەن یەكێتی سۆڤییەتی پێشوو لەساڵانی 1970 بۆ 1979 دابینكراوە.

سوپای عێراق تۆمەتبارە بە بەبەشداریكردنی پرۆسەكانی كۆمەڵكوژی دەرهەق بە خەڵكی كوردستان، فەیلەقی یەك و پێنجی سوپا، پرۆسەكانی ئەنفال و كیمیابارانی ئەنجامداوە.

هێزەكانی پیادە دەیان تاوانی كوشتن، سووتاندنی ماڵ و گوندەكانی ئەنجامداوە. هێزە ئاسمانییەكانی ئەو سوپایە لەساڵانی 1968 و 1974 دا، بەفڕۆكە بۆمبی قەدەغەكراوی ناپاڵم و رۆكێتی بە سەر شار و گوندەكانی كوردستاندا باراندووە.

هێزەكانی سوپا رۆڵیان هەبووە لە دەستگیركردن، كۆكردنەوەی كوردە فەیلیەكان و دوورخستنەوەیان و كوشتنیان. بەشداری بەرچاوی لە شاڵاوەكانی ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەكاندا بینیوە، كە ئەو رەفتارانە لەدادگای باڵای تاوانەكان وەك جینۆساید ناسێنراوە.

پەیامی سەركردە عێراقییەكان لەساڵیادی دامەزراندنی سوپادا:

لە یادی 101 ساڵەی سوپای عێراقدا، سەركردەكانی عێراق پەیامی جیاوازیان هەیە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە تویتێكدا رایگەیاند “سوپا زامنی عێراقێكی سەربەرزی سەربەخۆیە”، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریش وەك توانجێك بۆ حەشدی شەعبی دەڵێ “لە گرنگترین سیفەتەكانی سوپا خۆشەویستی نیشتمانە، نەمبیستووە سوپا منەت بەسەر گەل دا بكات، لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رزگاركردنی ناوچەكان”.

قاسم محەمەدی، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی عێراق ئاشكرای كرد، لەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەران، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ‌ پەسەند دەكرێت.

لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم ساڵی (1914-1918) دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە عێراق كۆتایی پێهێنراو بەریتانیەكان توانیان دەسەڵات بگرنە دەست، ساڵی 1920 یەكەمین كابینەی حكومەتی عێراق پێكهێنرا، لە كۆتاییەكانی هەمان ساڵدا یەكەمین یەكەی سەربازی سوپای عێراقی لە 6_1_1021، لە بەغدا پێكهێنرا.

بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان گەڵاڵەكردنی بیرۆكەی پێكهێنانی سوپای عێراق لە6ی كانونی دووەمی ساڵی 1921، لەلایەن كۆمەڵێك ئەفسەری كورد و عەرەب، لە بەغدا بووە، بە سەرۆكایەتی جەنەڕاڵ جەعفەر پاشا عەسكەری كە ئەفسەرێكی كوردی خەڵكی شاری كەركووك بووە، یەكەم پێكهاتەی سوپا 14 ئەفسەری كورد و عەرەبی لە خۆ گرتووە، لەو ژمارەیە 8 ئەفسەریان كورد بوون بە ناوەكانی (جەنڕاڵ جەعفەر مستەفا عەسكەری سەرۆكی دەستەی دامەزرێنەر، عەقید حەمید ئەحمەد ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، رائید سەعید محەمەد نوێنەری فەرماندە، رائید بەكر سدقی عەسكەری نوێنەری سەرۆك، رائید تۆفیق وەهبی بەگ ئامر كۆلیژی سەربازیی، رائید عەبدول رەزاق حلمی، نەقیب حەسەن حوسێن عەسكەری، نەقیب محەمەد ئەمین زەكی بەگ).

سوپای عێراق زۆربەی كات لە شەڕدا بووە، بەتایبەتی لەكاتی دەسەڵاتی حزبی بەعس، لە جەنگی دووەمی كەنداو لە ساڵی 1991 سوپای عێراق یەكێك بوو لە سوپا بەهێزەكانی ناوچەكەو ژمارەی سەربازانی گەیشتە یەك ملیۆن لە 42 فیرقە ‌و 20 لیوای تایبەت و شەش فیرقەی گاردی كۆماریی پێكهاتبوو. بەڵام لە راپەڕینی خەڵكی كوردستان بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە توانرا لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان وەدەربنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا