یەكێتی و پارتی لەبارەی پێكەوەكاركردنیان لە بەغدا بڕیاریاندا

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پاشنیوەڕۆی رۆژی چوار شەممە، شاندی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، هەردوولا رێككەوتن كە پارتی و یەكێتی پێكەوە بە شاندێكی هاوبەشی كوردستانی پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی فیدراڵ دەستپێبكەن، بۆ ئەم مەبەستەش وەرەقەیەكی كاری هاوبەش ئامادەكراوە.

پاش كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكە عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: گفتوگۆی جدی ئێمە لەسەر مافی هاوڵاتیانی كوردستانە و كە دەچینە بەغدا بۆ پاراستنی مافی كورد دەچین و هەوڵدەدەین شایستەكانی ئەم هەرێمە لەبەغدا بەدەستبهێنین و بتوانین ببینە هاوبەشێكی راستەقینەی عیراقێكی نوێی دیموكرات و فیدراڵ.

هاوكات وشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ رۆژنامونوسان وتی: لە كۆبونەوەكەدا پرۆسەی سیاسی عێراق و پەیوەندی نێوان یەكێتی و پارتی باسی لێوەكراوە و تەئكیدمان لەسەر ئەوە كردەوە كەدەبێت پیكەوە كاربكەین و دانوستان بكەین لەگەڵ بەغدا.

وتیشی: ئەندامانی پەرلەمانی نوێی عێراق كۆدەبنەوە و كاركردن لە حكومەتی داهاتوو لەوێوە دەستپێدەكات و یەكێتی و پارتی پێكەوە كاردەكەین و پێمان خۆشە هێزەكانی تریش بەشدار و پشتیوان بن تا یەك دەنگ بین لەبەغدا و پێكەوە دەنگمان بەهێزتر دەبێت.

لایەنە كوردستانییەكان لە هەڵبژاردنی10_10_2021، 63 كورسییان بەدەستهێنا، پارتی دیموكراتی كوردستان 31 كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان 18 كورسی، نەوەی نوێ 9 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی 4 كورسی، كۆمەڵی دادگەریی 1 كورسییان.

بڕیارە رۆژی یەكشەممە 9-1-2022، یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت، بەڵام هێشتا دیار نییە لەو كۆبوونەوەیە كە بەپێی دەستووری عێراق سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژرێردرێت، ئەو كارە دەكرێت یان نا، چونكە هێشتا پێكهاتەی سوننە كە پشكی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان بەردەكەوێت، یەكلاییان نەكردووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا