ئاسۆ مامەند: بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پۆستی پارێزگاری كەركوك پشكی یەكێتییە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پشتیوانی یەكێتی رایگەیاند: یەكێتی یەكلاییكردنەوەی پرسی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەكاتە لەپێشینەی دانوستاندنەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

وتیشی: یەكێتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پشتیوانی لەشەراكەتی راستەقینەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق دەكات و خوازیارە وەك كورد بەیەكڕیزییەوە بەشداری لەكابینەی داهاتوودا بكەن.

ئەندامەكەی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: وەك یەكێتی دژی هەر هەوڵێك بۆ تەعریبكردنی كەركوك رادەوەستین و قبوڵیشی ناكەین، وەك یەكێتیش لەڕۆژانی رابردوو دژ بەكارێك وەستاینەوە كە ویستیان تابلۆی ناونیشانەكانی كەركوك بەزمانی عەرەبی بنوسرێت و ئەو كارەمان پوچەڵكردەوە.

ئەوەشی راگەیاند: وەك یەكێتی پرۆژەیەكمان گەڵاڵە كردوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و پرسی ناوچە جێناكۆكەكان پتر لە 50%ی پرۆژەكەی گرتۆتەوەو پێداگری دەكەین كە دەبێت پرسی كەركوك بەپێی دەستوری عێراق چارەسەر بكرێت و ئەركی حكومەتی داهاتوشە لەبەغدا پابەند ئەو لایەنە بێت.

سەبارەت بەپۆستی پارێزگاری كەركوكیش ئاسۆ مامەند رایگەیاند: یەكلایی نەكردنەوەی ئەو پرسە لەرابردوو بەشێكی پەیوەندی بەكورد خۆیەوە هەبوە، وەك یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەشایستەی كورد و لەناو كوردیش بەئیستیحقاقی یەكێتی دەزانین و بەپێی ئەنجامی هەموو هەڵبژاردنەكانیش لەكەركوك ئەو پۆستە پشكی یەكێتیە.

ئەوەشی خستەڕوو: پێشتریش لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا رێككەوتنمان لەگەڵ پارتی هەبوە كە ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێت، بۆ ئێستا و داهاتووش ئێمە وەك یەكێتی پێداگری دەكەین كەپۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، چونكە بەئیستحقاقی خۆمانی دەزانین.

ئەم وتانەی ئاسۆ مامەند ئەمڕۆ سێشەممە4_1_2022 لە میانی مەراسیمی پەردەلادان لەسەر وێنەیەكی مام جەلال دا هات، لە بارەگای نوێنەرایەتی كەركوكی لیژنەی ئۆڵمپی و بەئامادەبوونی سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئۆڵمپی و سەرۆك و ئەندامانی یانە وەرزشیەكانی شاری كەركوك بەڕێوەچوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا