پۆڵەتیك پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئەوانەی لەكاتی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگروندا دەستیان هەبووە لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكە و كتێبخانە و فەرمانگە حكومییەكانیان سوتاندوە دەستگیركراون و دانیانناوە بەئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی رووبەڕویان كراوەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە: لەمانگی تشرینی دووەمی 2021دا لە كاتێكدا ژمارەیەك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواكارییەكی خزمەتگوزاری، لە چوارچێوەی مافی رادەربڕین هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی هێمنانە بەڵام چەند كەسێكی ڕاسپێردراو بەپێی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و بەمەبەستی دروستكردنی ئاژاوە هەستان بە قۆستنەوەی كات و ساتی خۆپیشاندانی بەشێك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون.
ئەوەشی رایگەیاند: ئەو كەسانە لەوكاتەدا دەرفەتیان وەرگرت و هەستان بە پەلاماردانی دامودەزگا رۆشنبیری و كلتوری و خزمەتگوزاریەكانی شارۆچكەكە و لە كردەوەیەكی دوور لە نەریتی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، دەستیان كرد بەسوتاندنی یەكێك لە ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەكانی شارۆچكەی پیرەمەگرون كە ئەویش كتێبخانەی گشتی پیرەمەگرونە لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیری منداڵان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی وەك بەڕێوبەرایەتی ناحیەو فەرمانگەی هاتووچۆو فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكراشیكرد: لەپای ئەو تاوانەو لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان و پارێزگاری لە ڕەوشی گشتی و وەستانەوە بەڕووی هەر كەس و گروپ و تاقمێك كە بیەوێت زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش هێزەكانمان هەستان بە دەستنیشانكردن و دەستگیركردنی ژمارەیەك لەو كەسانەی دەستیان هەبووە لەگۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانی هێمنانەی دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون، تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش دانیان نا بەئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی رووبەڕویان كرابویەوە،لە ئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەر راگیراون بەپێی ماددەی (342) لە یاسای سزادانی عیراقی و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.