یەكێتی: پێویستە حكومەتی داھاتووی عێراق لەسەر بنەمای دەستور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە پێكبهێنرێت

پۆڵەتیك پرێس

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، لەكۆبونەوەكەی ئەمڕۆیاندا جەختیان لەوەكردوەتەوە كە پێویستە حكومەتی داھاتووی عێراق لەسەر بنەمای دەستور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە پێكبهێنرێت.

بەپێی راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی یەكەم كۆبونەوەی خۆیان لە سەرەتای ساڵی نوێی ٢٠٢٢ لە قودسی كوردستان، كەركوك ئەنجامدا.

ئەوەشهاتووە، تەوەرەی سەرەكی باسەكان رەوشی سیاسیی كوردستان و عێراق بوو لە دەروازەی ساڵی نوێ و ھەڵوێستی یەكێتی دەربارەی ئیستحقاقی كورد لە بەغدا و پێكھاتنی حكومەتێكی نوێی وڵات لەبەر رۆشنایی دەرەنجامی دوا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە ئێستا گۆڕینەوەی بیروڕا و گفتوگۆی چڕ لە نێوان ھێزە سیاسییەكان بۆ ئەم مەبەستە دەستیپێكردووە.

هەروەها باس لەوەكراوە، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەم بارەیەوە جەختیكردەوە لە سیاسەتی نەگۆری یەكێتی، كە پێویستە حكومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای دەستوور و تەوافوق و شەراكەتی راستەقینە نوێنەرایەتی ھەموو پێكھاتەكان بكات و پێشینەی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دەربەست لە ئاست داخوازییەكانی گەلی عێراق بكاتە كارنامەی بەپەلەی خۆی. چونكە تەنھا بە حكومەتێكی لەو شێوەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەپەرژێتە سەر ئەركە نیشتمانییەكانی بەرەنگاری تیرۆر و تایفەگەری و ڕاستكردنەوەی باری ئەمنی و سیاسی بە تایبەتی بۆشایی ئەمنی نێوان ھەرێمی كوردستان و حكومەتی ئیتحادی كە پێویستی بە ھەماھەنگی كارا ھەیە لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

 

دەشڵێن، “بۆ ئەم مەبەستەش مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی لە كەركوك بە ئاماژە و پەیامێكی كوردستانی و عێراقی لە قەڵەمدا كە مەبەست لێی بایەخدانە بە ژیان و ئارامی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە كە لە جیاتی ھەموو كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆریان داوە لە شەڕی دژی داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكان و پێویستە بە نەخشەرێی سیاسی و دەستووری كێشەكانیان چارەسەر بكرێت”.

 

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوە پێداگری كرد لەسەر پێویستی یەكخستنی بەكردەوە و كارای ھەڵوێستی كوردستانی لەبەرامبەر پێشھاتەكانی عێراق بۆ ئەوەی پرۆژەی كوردستانی ئەركەكانی لە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ئیستحقاقەكانی حكومەتی تازە جێبەجێ بكات. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە ھاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی گەڵاڵەی بەرنامەی پێكەوەیی لەبەغدا یەكلایی بكەنەوە.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هاتووە، بەشێكی تری تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تەرخانی كاروباری ناوخۆی یەكێتی و چاكسازی و گەشەپێدان و ھەڵوێستی حزبی كراو جەختكرایەوە كە پرۆسەی رێكخستنەوەی پەیكەری یەكێتی لە مەكتەب و ئۆرگانەكان بەردەوامە و ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو پێشەوە دەڕوا بۆ پتەوكردن و پوختەكردنی ریزەكانی یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال و كۆششكردن بۆ گەنجكردنەوەی حزب لەرێی نوێكردنەوەی بەشداری چۆنایەتی ژنان و لاوان لە ئۆرگان و رێكخراوەكانی یەكێتیدا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک