پۆڵەتیک پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامداو بڕیاردرا، رۆسەی بە تایبەتیکردنی بەشی دابەشکردنی کەرتی کارەبا، لە ماوەی ئەمساڵدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3-1-2022، دوای ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی، ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا چەند بڕیارێکی گرنگ درا، لە کۆبوونەوەکەدا، کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا سوپاسی تیمەکانی کارەبای کرد، کە لە رۆژانی پشووی سەری ساڵدا، دەیان کرێکار و فەرمانبەری کۆنترۆڵ و سیانە و وێستگەکان، 24 کاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بوون.
ئەو بڕیارو ڕاسپاردانەی لە کۆبوونەوەکە دەرکران بریتیبوون لە:
- ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرەتای ساڵی نوێ بۆ 3373 مێگاوات بەرز بووەتەوە. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای زیاترمان هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی نەتوانراوە تا ئەم ئاستە بەرهەم بینین.
- راگەیاندنەکانی وەزارەت لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بە راستگۆیی و شەفاف، هەواڵ و زانیاری و داتای کەرتی کارەبایان خستووەتەڕوو.
- لێخۆشبوونی لە 15% کرێی کارەبا کە تا کۆتایی ساڵ درێژ کرابووەوە، کاریگەرییەکی باشی بۆ سەر گەڕانەوەی قەرزەکان هەبوو.
- پلان و بەرنامەکانی ساڵی نوێی وەزارەت خرانەڕوو، کە لە دەیان پرۆژەی دانانی وێستگە، راکێشانی هێڵی کارەبا و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەوانە بە وزەی خۆر و هیدرۆپاوەر پێک دێن.
- پرۆژەی پێوەری زیرەک تا ئێستا 80% تەواو بووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە یەکجاری بە کۆتایی دێت.
- هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆرەکانی کارەبا دەست پێ دەکرێتەوە.
- سیستەمی دەستنیشانکردنی سەرپێچییەکان لە تۆڕی پێوەری زیرەک کارا دەکرێت.
- لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا، پێویستە 300 هەزار پێوەری دیکەش دابنرێت.
- پرۆسەی بە تایبەتیکردنی بەشی دابەشکردنی کەرتی کارەبا، لە ماوەی ئەمساڵدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.