بەغدا 200 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێم دەنێرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم لە بەغداد رایگەیاند، “حکومەتی عێراق 200 ملیار دیناری دیکە وەک بودجەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دەنێرێت بۆ هەرێم و ناردنی ئەو بڕە پارەیە تا پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 بەردەوام دەبێت”.

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بە میدیاکانی یەکێتی راگەیاند، “بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری تری پشکی ھەرێم دراوە و ناردنی پارەکەش بۆ مانگی 12ی ساڵی رابردووە و لە رۆژانی داھاتوو پارەکە دەخرێتە سەر ھەژماری حکومەتی ھەرێم”.

وتیشی: لە ئێستادا تیمی چاودێری دارایی عێراق لە ھەولێرە و وردبینی کۆتایی بودجەی ساڵی رابردوو دەکات و ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی نوێ دەکرێت.

لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵیشەوە ئاشکرایکرد، “تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2022 ئامادە نییە و دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆ ئەوەش تا ئەو کاتەی پرۆژە یاساکە ئامادە دەکرێت پێویستە بودجەی پێویست بۆ ھەموو عێراق دیاری بکرێت و بۆ ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان شێوە دەبێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا