عەلی حەمە ساڵح:ئەگەری هەیە لێبڕینی مووچە دەست پێبكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس تیشك دەخاتە سەر چەند بابەتێكی هەستیار، لەوانە بابەتی دووبارە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی لێبڕینی مووچە و كێشە داراییەكانی هەرێم و خەرجی و داهاتی پارێزگاكانی هەرێم، لێرەدا پوختەیەك لە چاوپێكەوتنەكەی دەخەینە روو.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە نوێترین پۆستت لە فەیسبوك دەڵێی نابێت لێبڕینی مووچە قبوڵ بكرێت، ئایا ئەمە زانیارییە یاخود خوێندنەوەتانە بۆ رەوشی دارایی لە ئاییندەدا؟

+ عەلی حەمە ساڵح: بێگومان زانیارییە، زانیارییەكەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە ئەگەر لە ساڵی نوێوە بەغدا 200 ملیار دینارەكەی بڕی گفتوگۆی جدی لەناو حكومەت و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی هەرێمدا كراوە كە ئایا دەست ببرێتەوە بۆ لێبڕینی مووچە یان نا، بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ئێمە كە بۆ داهاتە ناوخۆییەكانمان كردووە و بۆ ئەو گۆڕانكارییەمانكردووە لە نرخی نەوتدا هەیە، كە دەتوانرێت بەبێ‌ بەغداش و بەبێ‌ لێبڕین مووچە بەردەوام بێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: باس لەوەدەكەیت داهاتی ناوخۆ زیادی كردووە، ئەم داهاتە چی لێدێت؟

+ عەلی حەمە ساڵح: گرفتی سەرەكی لەوەدایە شتێك نییە ناوی خەزێنەی حكومەتی هەرێم یان وەزارەتی دارایی بێت، دووئیدارەییەكی سەد لە سەد هەیە، بە كورتی بۆت باسبكەم چی هەیە، 350 ملیۆن دۆلاری نەوت دەگەڕێتەوە، تەقریبەن 512 ملیار دینار دەكات، بەڵام بۆ تەواوكردنی مووچە دەبێت سلێمانی 43% بدات، هەولێر و دهۆك (زۆنی پارتی) 57% بدات، هەموو پرۆژەكانی سلێمانی دەبێت لەسەر داهاتی سلێمانی بێت، هەموو پرۆژەكانی هەولێر و دهۆك دەبێت لەسەر داهاتی خۆیان بێت، واتە شتێك نییە ناوی خەزێنەی حكومەتی هەرێم بێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: جیاوازیەكی زۆر دەبینرێت لە نێوان خزمەتگوزاری لە سلێمانی و هەولێر هۆكاری ئەم جیاوازییە چییە و باس لەوەش دەكەیت سلێمانی لە دوولاوە ئابڵۆقە دراوە، ئەوانە كێن ئابڵۆقەی سلێمانییان داوە؟

+ عەلی حەمە ساڵح: لەلایەن حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتەوە سلێمانی ئابڵۆقە دراوە، دینارێك لە خەزێنەی گشتی بۆ سلێمانی نایەت، راستە فەرمانی خەرجی هەموو پرۆژەیەك لای ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆنمونە دەڵێت بڕیارماندا 10 ملیۆن دینار تەرخان بكەین بۆ رێگای كەلار، ئەمە فەرمانەكەی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە بەڵام سەرفكردنی داهاتەكە دەبێت لە داهاتی سلێمانی و باج و رسوماتی خەڵكی سلێمانی خۆی بدرێت، كە دەڵێن داهات نییە و بەش ناكات و كەمە، ئەوە ئابڵۆقەیە لەسەر سلێمانی و پرۆژەكان جێبەجێناكەن.

_ پۆڵەتیك پرێس: وەزیری دارایی لەپشكی بزوتنەوەی گۆڕانە، بۆیە دەپرسم ئەم داهاتە چی لێدێت؟

+ عەلی حەمە ساڵح: شتێك نییە بەناوی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، سلێمانی داهاتی خۆی و بانكی خۆی هەیە، یەك سەنت لە سلێمانی ناچێت بۆ هەولێر و دهۆك وەك چۆن لە داهاتی ئەوانیش یەك سەنت نایەتەوە بۆ سلێمانی، وەزیری دارایش هیچ دەسەڵاتێكی نە بەسەر داهاتدا هەیە نە بەسەر خەرجیدا هەیە، سلێمانی دەبێت 43% ی پارەی مووچە جگە لە پارەكەی بەغدا و نەوت لە داهاتی خۆی بدات، ئەبێت پارەی هەموو پرۆژەكانیش هەر لە داهاتی خۆی بێت، پارەی دەرمان و پێشینەی فەرمانگەكانیش لە داهاتی خۆی بێت، تا دەگاتە مەسرەفی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ و یەكەی حەفتا و دژە تیرۆریش دەبێت هەر لە داهاتی خۆی بێت، ئەمە بۆ هەولێر و دهۆكیش هەر وایە، پارەت هەیە پرۆژە هەیە، پارەت نییە پرۆژەش نییە، ئەمە بەشێكی ناڕەوایە، رەنگە بەشێكیش رەوابێت، لەو رووەوە ناڕەوایە بڵێی داهاتی باشماخ وەكو ئیبراهیم خەلیلە، ناڕەوایە بڵێی باجی كۆمپانیاكانی هەولێر و سلێمانی دەبێت وەك یەك بێت، چونكە سلێمانی شەش هەزار كۆمپانیای تێدایە، هەولێر 12 هەزار كۆمپانیای تێدایە، بەڵام ئەگەر بڵێین كارەبا یان هاتووچۆی سلێمانی وەكو دهۆك بێت بەڵێ‌ ئەمە رەوایە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت نادادییەكی گەورەی جوگرافی دروست دەبێت.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە نێوان وەزیری پێشوو ئێستای سامانە سرووشتییەكاندا ئەدای كامیانت پێباشە؟

+ عەلی حەمە ساڵح: بەشێك لە هۆكاری ئەم نەهامەتییانەی كە ئێستا هەیە وەزیری پێشووی سامانە سرووشتییەكانە، بڕیار بەدەست بووە و كۆمەڵێك گرێبەستی هەڵەی كردووە و ژمارەی هەڵەی لێداوە، من بەڵگەیەكم لایە كە هی ساڵی 2014 یە لە كۆبوونەوەیەكدا هات كە باسی لەوەكرد نەوت بە سەربەخۆ بفرۆشین، من پرسیارم لێكرد ئەگەر بەغدا پارەكەمان لێببڕێت چیمان لێدێت، وتی چەندمان بۆ دێت وتم 13 ملیار دۆلار، وتی من 36 ملیار دۆلارم دەستدەكەوێت لە 2016 و 2017 دا، بەڵام نەگەشتە سێ‌ ملیار دۆلاریش، وتی بەرهەمهێنانی نەوت لە 2016 و 2017 دا دەگەیەنمە ملیۆنێك و 60 هەزار بەرمیل ئێستا بەپێی دیلۆیت ئەوەی دەنێردرێتە دەرەوەی نزیكەی 405 هەزارە، هەموو ئامانجیان ئەوەبوو چۆن زۆرترین گرێبەست بكەن و زۆرترین شیرینی وەربگرن، شیرینییەكەش چی لێهات ئەوە باسێكی دوور و درێژە، بەڵام بڕیار بەدەست بوو، وەزیری ئێستای سامانە سرووشتییەكان هیچی وای بۆ نەماوەتەوە، ئەوی پێشوو بەرپرسە لەو هەموو نەهامەتییانەی روویاندا، وەزیری نوێی سامانە سرووشتییەكانیش بڕیاری بە دەست نییە، رەنگە هیچی وایشی بۆ نەمابێتەوە، نەوتەكە فرۆشراوە بە پارەی پێشوەخت و كۆمەڵێك گرێبەستی خراپ، بۆری نەوت بەخراپترین گرێبەست بە كرێ گیراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا