پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ڕێکخەری ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، “هاوڕێیانمان لە حکومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن و ئەرکی فەرمی بەڕێوەدەبەن، هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا ئەوا تیمەکانمان پێوەی پابەند دەبن”.
ڕێکخەری ژووری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، “لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 و دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە بەشێک لە کۆڕ و کۆبونەوە حزبی و جەماوەرییەکاندا، و بە تایبەت لە سۆشیال میدیا و ناوەندە میدیاییەکاندا قسە و باسێکی زۆر لەسەر هۆکار و ئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان کراو لەم چوار چێوەیەدا مەبەست و بێ مەبەست ڕووی قسە و ڕەخنەکان لە سەرکردایەتی بزوتنەوەکە (خانەو جڤاتەکان) و تیمیەکانی حکومەت (هەرێم، خۆجێی)یە”
لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، “بێگومان چەندین هۆکاری بابەتی و خودی لە پشت ئەم ئەنجامە خراپەوە بوون، سەبارەت بە ئەندامانی بەڕێزی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەکان وەک ئاشکرایە هەر زوو ئەندامانی خانە و بەڕێز ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دەستیان لە کارکێشایەوە، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەستەیەکی کاتیدایە بۆ سەرکردایەتی کردنی بزوتنەوەکە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “سەبارەت بە تیمەکانمان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان، جەخت لەوە دەکەینەوە کە تا ئەو کاتەی بزوتنەوەی گۆڕان دەگاتە دوا بڕیاری سیاسی بۆ مانەوە لە حکومەتدا یان کشانەوە، هاوڕێیانمان لە حکومەتدا نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن و ئەرکی فەرمی بەڕێوەدەبەن، هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا ئەوا تیمەکانمان پێوەی پابەند دەبن”.