ئارێز عەبدوڵا : كاندیدمان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ئامادەیە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تیشكدەخاتە سەر چەند تەوەرێكی گرنگ لەوانە پرسی گفتوگۆ و دانووستانەكان لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەكان و پێداگری یەكێتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق و دیاری كردنی كاندید لەلایەن یەكێتییەوە بۆ ئەو پۆستە.

_ پۆڵەتیك پرێس: دەوترێت یەكێتی و پارتی بە شاندی هاوبەش دەچنە بەغدا؟ ئەمە بڕیاری لەسەر دراوە؟ ئەگەر بڕیاری لەسەر دراوە وادەی ئەو سەردانە كەیە؟

+ ئارێز عەبدوڵا: لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆكراوە بەڵام من نەمزانیوە بوبێتەبڕیار چونكە پێویستی بە دانیشتنێكی تری نێوان هەردوولامان هەیە، ئەوەی من بزانم لە رووی پرەنسیپییەوە رێككەوتووین كە پێكەوەبچین، بەڵام وردەكارییەكانی رێككەوتنەكە هێشتا ماوە.

_ پۆڵەتیك پرێس: پۆستی سەرۆككۆمار لای یەكێتی دەمێنێتەوە؟ یان ئەمەش بەشێك دەبێت لە گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی پێكەوە؟

+ داوامانكردووە پۆستی سەرۆككۆمار ئەم خولەش هەر بۆ یەكێتی بێت، لەبەرئەوەی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم پارتین، بۆئەوەی هەردوو هێزە سەرەكییەكە بتوانین لە بەغدا كاربكەین، واتە ئەگەر یەك هێز هەموو جومگە سەرەكییەكانی عێراق و كوردستانی لە دەست بێت، كاردانەوەی باشی نەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر هەردوولامان “بەتایبەتی ئەگەر بە ڕێككەوتن” لەسەر ئەو بابەتە رێكبكەوین، كە ئەو پۆستە بۆ یەكێتی بێت، ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و یەكێتی و پارتیشە.

_ پۆڵەتیك پرێس: هەڵوێستی پارتی لەمبارەیەوە چۆنە، ئێوە تەنها داواكاریتان كردووە پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی بێت یان پێداگری دەكەن لەسەر وەرگرتنەوەی ئەم پۆستە؟

+ ئارێز عەبدوڵا: جارێ‌ ئەو بابەتە بە تەواوی نەبڕاوەتەوە، وا بە باش دەزانین بە رێككەوتن بیبڕێنینەوە، ئێمە دەمانەوێت لایەنە كوردستانییەكان بە یەك تیم بچینە بەغدا، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بكەین، چونكە ئەگەر بە یەك تیم لە بەغدا بین، پێگەی هەرێم و خەڵكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانیش لە گفتوگۆكان بەهێزتردەبێت، ئەگەر ئێمە بڕیارماندا بەیەكەوە كاربكەین بەرنامەیەكی هاوبەشمان دەبێت، كە لە كارنامەی كابینەی داهاتووی حكومەتدا جێگەی دەكرێتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە پۆستی سەرۆككۆمار ئێمە داوامانكردووە و پێداگریش دەكەین كە پۆستی سەرۆككۆمار لە دەستی یەكێتی بمێنێتەوە، راستە یەكێتی ژمارەی كورسییەكانی لە پارتی كەمترن، بەڵام ئەبێت لەبیرمان نەچێت لە هەرێم وەك وتم پۆستە باڵاكان لە دەستی پارتیدایە، هەروەها هەژموونی یەكێتی لەسەر نیوەی هەرێمی كوردستان وەكو پارتییە، لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش هەژموونی یەكێتی دەبینن، بۆیە كاتێك ئێمە پێداگری لەسەر ئەو پۆستە دەكەین، ئەگەر بەڕێككەوتن بێت ئەوە دەگەیەنێت یەكێتی و پارتی پێكەوە لە بەغدان، بەڵام ئەگەر پارتی ئەو پۆستە وەربگرێت هەر بۆ ئێمە نا، بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش، یەك هێز دەبینین كە ئەویش تەنها پارتییە، لە كاتێكدا هەژموونی یەكێتی لەسەر بەشێك لە كوردستان و لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق و لەسەر پەیوەندییەنێودەوڵەتییەكان دیارە چەند كاریگەرە، بۆیە پێمان باشە بە گفتوگۆ و رێككەوتن پۆستی سەرۆككۆمار وەربگرینەوە بەڵام بێگومان پێداگری دەكەین، ئومێدیش دەكەین ئەوەی ساڵی 2018 دووبارە نەبێتەوە، چونكە 2018 كە پێداگریمان كرد و كەوتینە كێبڕكێ‌ بردمانەوە.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە ناو یەكێتیدا قسە لەسەر كاندیدكردنی هیچ كەسێك كراوە یان كەس دیاری كراوە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، دەكرێت بزانین كاندیدی ئێوە بۆ ئەو پۆستە كێیە؟

+ ئارێز عەبدوڵا: من نامەوێت لێرەدا ناوەكە بڵێم بەڵام كاندیدمان ئامادەیە، وە زۆر كەسایەتیشمان هەن شایستەی وەرگرتنی ئەو پۆستەن، بەڵام بێگومان ئەگەر رێكبكەوین لەگەڵ پارتی ئەو كاتە كاندیدەكەی خۆمان رادەگەیەنین.

_ پۆڵەتیك پرێس: دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی موقتەدا سەدر حكومەتی تەوافوقی رەد كردووەتەوە و باس لە زۆرینەی نیشتمانی دەكات؟ رای بەڕێزتان لەمبارەیەوە چییە؟

+ ئارێز عەبدوڵا: عێراق وڵاتێكی فرە پێكهاتەیە، هەلومەرجی دیموكراتی لە عێراق نەرەخساوە، هێزە چەكدارە نانیزامییەكان هێشتا كاریگەرییان زۆرە، بۆیە بە رای ئێمە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە كارێكی ئاسان نیە، وە ئەگەر هەرلایەنێك حكومەتی زۆرینە پێكبهێنێت رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر گەورە دەبێتەوە، چونكە ئۆپۆزیسیۆنەكەی زۆر بەهێز دەبێت و ناتوانێت بە ئاسانی كارەكانی بەڕێوەببات، ئەوەیشی پەیوەندی بە ئێمەی كوردەوە هەیە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە كارێكی باش نابێت چونكە كە بووبەزۆرینە، هەمیشە كورد لە ناو پەرلەمانی عێراق كەمینەیە، لە ناو حكومەت كەمینەیە، بۆیە هەموو شتمانمان بەسەردا تێدەپەڕێنن، وە ئەگەر لایەنێكی سیاسی بیەوێت بەشداری لە حكومەتی زۆرینەدا بكات ئەوكاتە دەبێتە پاساو بەدەستی ئەو هێزانەی لەگەڵ حكومەتی زۆرینەن تا لە ئاییندە حكومەتی زۆرینە بەبێ‌ كورد پێكبهێنن، بەژەوەندی ئێمە لەپێكهێنانی حكومەتی سازانی نیشتمانییە، كە هەموو لایەكمان تیایدا هاوبەش و بەشداربین.

_ پۆڵەتیك پرێس: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێم؟

+ ئارێز عەبدوڵا: مەترسی داعش و گروپە تیرۆرستەكان هەرماوە، ئێمە لە چەند مانگی رابردوو بینیمان كە جموجوڵەكانیان زیادیكرووەتەوە ئەگەر هەر بەم شێوەیە جموجوڵەكانیان زیادبكات، دەبێتە مەترسی لەسەر ئاییندەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش، هەبوونی هێزەكانی هاوپەیمانان جگە لە هاوكاری كردنی عێراق و هەرێم لە رووی سیاسیشەوە گرنگ بوو بۆ پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێگومان كشانەوەیان كەم تا زۆر كاریگەری دەبێت، هەرچەندە ئەوان باس لەوە دەكەن هێزی سەربازی دەكشێننەوە و لە رووی راوێژكاری و سیاسییەوە دەمێننەوە، بەڵام ئەوەش گرەنتی نییە چونكە بینیمان لە ئەفغانستان كشایەوە چی روویدا، كە دۆناڵد ترامپە لە عەفرین و سەرێكانی بڕیاری كشانەوەیدا بینیمان چی روویدا، لە راستیدا دەبێت ئێمە هەمووكاتێك ئەو ئەگەرە لە بەرچاوبگرین كە بۆی هەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بكشێتەوە، بۆئەوەی خۆمان ئامادەبكەین، بەداخەوە لە ساڵانی رابردوو جگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش نەمانتوانیوە وەكو پێویست سود لە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان وەربگرین، ئەوەتا هاوپەیمانان داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە یەكبخەینەوە و چاكسازی بكەین ئەوان بەڵێنی ئەوەمان دەدەنێ‌ چەكمان بدەنێ‌ هاوكاری ماددی هێزی پێشمەرگە بكەن بەداخەوە تا ئێستا نەكراوە كەمتەرخەمییەكە لە خۆمانە، لە كاتێكدا دەزانین ئەوان بكشێنەوە ئێمە رووبەڕووی گرفتی گەورە دەبینەوە، نابێت هەر گلەیی لەوان بكەین كە بۆچی دەكشێنەوە ئەمریكا و وڵاتانی دیكە بەرژەوەندی خۆیان هەیە و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن، ئەوەی تا ئێستا كردوویانە زۆر دۆستانە و كاریگەربوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا