وادەی یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاریكرا

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆك كۆماری عێراق رۆژی 9ی مانگی داهاتووى بۆ ئەنجامدانی یەکەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیاریكرد.

بەپێی نوسراوی سەرۆكایەتی كۆمار كە واژۆی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی لەسەرە، تێیدا رۆژی 9ی مانگی یەكی ساڵی داهاتووی بۆ یەكەمین كۆبونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق دیاریكردووە.

رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.

پێشتر لە رێکەوتی 30_11_2021 دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقی راگەیاند.

رێکەوتی ٢٧ی ئەم مانگەش، دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق داواكاری هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتكردەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاریدا بە پەسەندكردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە.

ژمارەی كورسیی لایەنەكان بەمشێوەیە دەبێت،رەوتی سەدر 73 و هاوپەیمانی تەقەدووم 37 و دەوڵەتی یاسا 33 هاوپەیمانیی فەتح 14 كورسی .

هەروەها لایەنە کوردییەکانیش بەمشێوەیە، پارتی 31 كورسی، یەكێتی 18 كورسی، نەوەی نوێ 9 كورسی، یەكگرتوو 4 كورسی و كۆمەڵی دادگەری یەك كورسی.

وا بڕیارە بە تەمەنترین پەرلەمانتار کە مەحمود مەشهەدانییە لە هاوپەیمانێتی تەقەدووم، یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە ببات و سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانی دیاریدەكرێن، لە هەمان دانیشتندا پێویستە سەرۆككۆمار دیاری بكرێت و سوێندی یاسایی بخوات، ئەگەر كاندیدی سەرۆككۆمار دیاری نەكرابوو دانیشتنەكە بە كراوەیی دەهێڵدرێتەوە تا ئەو كاتەی سەرۆككۆماری نوێ‌ سوێندی یاسایی دەخوات.

 

 

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک