پۆڵەتیك پرێس
شارەوانی سلێمانی هۆكارەكانی وەرگرتنی بڕە پارەیەكی زۆری كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە هاوڵاتیان و دوكانداران ئاشكرادەكات و دەشڵێت، “پێمان سەیرە جگە لە سلێمانی لە هەولێرو دهۆك هیچ ناڕەزاییەك لەسەر ئەو بابەتە نییە”.
زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بابەتی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك و تابلۆی دوكان و شوێنە بازرگانییەكان بە یاسا لە ئەنجومەنی وەزیران رێكخراوەو لە 2017ەوە دەرچووە، بەڵام لە 2019ەوە ئەم بڕیارە لە سلێمانی جێبەجێ دەكرێت بۆیە ئێستا كە بڕە پارەیەكی زۆر خەڵكی دێتەوە ئەوە هی ئەوەیە لەوكاتەوە پارەی نەداوە كە زیاتر لە 20 مانگ دەبێت.
راشیگەیاند، ئەم بڕیارە لە سلێمانی و هەولێرو دهۆكیش جێبەجێ دەكرێت بەپێی بڕیارە هەموو دوكان و شوێنە بازرگانییەكان پێویستە پارەی خۆڵ و خاشاك و تابلۆ بدەن كە بۆ شوێنەكەیان دایان ناوە.
هەروەها باسی لەوەكرد، هەر دوكانێك كە چۆڵ بێت پێویستە لە فەرمانگەی باجەوە پشتگیری بهێنێت ئەوكاتە ئەو كۆمپانیای پارەكەی بۆ نوسیووە ئەوا دەیسڕێتەوە.
زەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی وتیشی، “ئەو بابەتە لە راگەیاندن و سۆشیال میدیا زۆر گەورە كراوە، لە هەولێر و دهۆك هیچ ناڕەزاییەك لەسەر وەرگرتنی ئەو پارەیە لە هاوڵاتیان نابینرێت بۆیە پێمان سەیرە كە لە سلێمانی خەڵك ناڕازییە”.
داواشیكرد، ئەو بابەتە زۆر گەورە نەكرێت و پەرلەمانتاران خۆیان ئاگاداری بڕیارو یاساكانن بۆیە نابێت بەوشێوەیە قسەی لە بارەوە بكەن كە پێشتر بۆ ئەم بابەتە كردویانە.
لە بارەی ئەوەی ئەگەر كەسێك ئامادەنەبێت ئەو پارەیە بدات چی رێوشێوینێكی بەرانبەر دەگیرێتەبەر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، هەر لێپرسینەوەیەك بكرێت لە رێگەی یاساوە دەكرێت، بۆیە میكانیزمێك بۆ وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاكیش دادەنرێت.