یەكێتی: پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق دەكەین

پۆڵەتیك پرێس

یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق كرد بۆ پەسەندكردنی دەرەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنە پێشوەختەكەی پەرلەمان.

ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، وێڕای ھەر تێبینییەك لەسەر پرۆسەكە، بەڵام وەك یەكێتی پیرۆزبایی سەركەوتنی ھەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستھاتووی ھێزە براوەكان دەكەن.

دەشڵێت، “كاتێتی ھەموو لایەنەكان لەوڵاتەكەماندا ھیمەتی سیاسیی دەست پێبكەن بۆ ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە پێكھاتەی نوێیەوە و قەوارە و ھێزە سیاسییەكانیش رێوشوێنە دەستورییەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێ دەستپێبكەن.”

ئەوەشدەخاتەڕوو، گرنگە گشت لایەنەكان بەگیانی پەرۆشی و دەربەستی نیشتمانییەوە گفتوگۆ و راوێژی پێویست بكەن لە پێناو پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كە تەحەددیاتی زۆری لە پێشە بۆ پاراستنی رەوتە دیموكراتییەكەی.

باس لەوەشدەكات، وەكو ھێزەكانی كوردستانیش ئەركی سەرشانیانە بەیەك ھەڵوێستی كوردستانییەوە ریزەكانیان پتەو بكەن بەرەو بەدەستھێنانی ئیستحقاقە نەتەوەییەكان و داكۆكی كردن لە شایستە دەستوورییەكانی گەلی كورد لەبەغدا.

وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت، “قۆناغی نوێ كۆشی نوێ دەخاتە ئەستۆی ھەموومان و وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانییش ھەنگاوەكانی داھاتوومان دەخەینە خزمەتی ئەو ئەركە پیرۆزەوە”.

ئەمڕۆ دادگا فیدڕاڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكردو سەرجەم ئەو تانانەشی رەتكردەوە كە لە بارەی هەڵبژاردنەكەوە ئاڕاستەیان كرابوو.

لە ماوەی رابردودا بەهۆی سكاڵای یەكێتی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ساختەكاری لە هەولێرو نەینەوا، پارتی دوو كورسی لە دەستداو كۆمسیۆن دوو كورسییەكەی بۆ یەكێتی گەڕاندەوە بەوەش پارتی لە 33 كورسییەوە بۆ 31 كورسی كەمیكردو یەكێتیش بە 16 كورسییەوە بووە خاوەنی 18 كورسی پەرلەمانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا