تادێت رووداوەكانی ئاگر كەوتنەوە زياتر دەبن

پۆڵەتیك پرێس – محەمەد باڵەك

 

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی گەرماو بوونی پووش و پەڵاشی زۆر لە زۆرێك لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاگركەوتنەوە زیاد دەكەن بەوەش زیانێكی زۆر بەر ژینگەی كوردستان دەكەوێت.

 

بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی سۆران، تەنها لەئەمساڵدا لە سنوری قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز) 258 رووداوی ئاگر كەوتنەوە روویانداوەو بەهۆیانەوە زیاتر لە دوو هەزار و 981 دۆنم زەوی پوش و پاوان و دارستان و رەزو باخی هاوڵاتیان سووتاوە.

 

لەلایەكی دیكەوە شەوی چواری ئەم مانگە ئاگرێكی گەورە لە چیای گۆیژەی سلێمانی كەوتەوەو بەهۆیەوە رێژەیەكی زۆر لە رووبەری زەوی ناوچەكەو بە سەدان دروخت سووتان.

 

ئاگركەوتنەوەكان لەچەندین رووەوە زیانی بەژینگە دەگەیەنن، بەنمونە سەرەڕای كەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی هەروەها لە رووی كیمیایەوە زیانی هەمەجۆری هەیە، چونكە زەوی پێكهاتەكانی خۆی لە دەست دەدات و زیندەوەرەكانیش لەناو دەچن.

 

هاوكات لە رووی فیزیایشەوە دەبێتە هۆی تێكدانی خاك و سوودی لێ وەرناگیرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی تری تێدا بەرهەم بهێنرێت.

تەنها لەئەمساڵدا لە سنوری قەزاكانی (سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز) 258 رووداوی ئاگر كەوتنەوە روویانداوەو بەهۆیانەوە زیاتر لە دوو هەزار و 981 دۆنم زەوی پوش و پاوان و دارستان و رەزو باخی هاوڵاتیان سووتاوە

 

 

ئەوەی جێگای نیگەرانی هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان زۆركات ئەو كەسانەی هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكانن كەسانی نادیارن و نادزرێنەوە بەوەش لە رووبەڕوو بوونەوەی سزا رزگاریان دەبێت.

لە رووی فیزیایشەوە دەبێتە هۆی تێكدانی خاك و سوودی لێ وەرناگیرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی تری تێدا بەرهەم بهێنرێت

هەندرێن ئەسكەندەر دانیشتوی شاری سۆرانەو پیشەی شوانكارییە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی” بەداخەوە چەند كەسانێكی بێ ویژدان ساڵانە ئەمە پیشەیانەو ئاگر لەم سروشتە جوانە بەر ئەدەن، ئەم سووتاندنەش هەر زیان بە سروشتی ناوچەكە ناگەیێنێ، بەڵكو چەندان باڵاندەو ئاژەڵ لەگەڵی ئەسوتێن، ئەمە جگەلەوەی ئەم پوش و پاوانە خواردنی ئاژەڵە ماڵیەكانیشە،”.

محەمەد هەسنانی چالاكوانی ژینگەپارێزی لە سۆران بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی” بەداخەوە بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی سۆران، تادێت ئاگركەوتنەوەكان زۆرتر دەبن ئەوەش زیانی بەو ناوچەیە گەیاندووە”.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی ئەوەی ناوچە شاخەویەكانی دەڤەری سۆران رێگای سەخت و ئاستەمیان هەیە لە هەمانكاتیشدا تائێستا لەهەندێك شوێن پارچە مین و تەقەمەنی سەردەمی بەعس ماون، بۆیە كۆنتڕۆلكردنی ئاگرەكان تاڕادەیەك سەختن.

بەهۆی زۆری رووداوەكانی ئاگركەوتنەوەو بەئامانجی رێگریكردن لەو رووداوانە، رۆژی حەوتی ئەم مانگە رێكخراوی وار كە تایبەتە بەپاراستنی ژینگە گردبونەوەیەكی لەبەردەم بەرێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رێكخست.

 

هەژار ئێدلبی بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاماژەی بەوەكرد، ئاگركەوتنەوەكان بوونەتە دیاردەی ساڵانە لەگەڵ دەست پێكردنی وەرزی گەرما و زەردبوونی گژوگیا ساڵانە مەترسی سوتانی هەزارن دۆنم زەوی دێتە ئاراوە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، دەیانەوێت لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار كار بكەن بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان، چونكە سوتانی روبەرێكی بەرفراوان پوش و شاخ و دەشتەكان زیانێكی زۆری بە ژینگەی كوردستان گەیاندووە.

 

لای خۆشیەوە رائید كاروان میراودەلی راوێژكارو شارەزایی دادی بەرگری شارستانی سەبارەت بە هۆكاری زۆری روداوەكانی ئاگركەوتنەوە ۆ پۆلەتیك پرێس وتی، “كەسانی بێ ویژدان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئاگر دەكەنەوەو هەڵدەستن بە سوتانی پووش و پەڵاش بەتایبەت لەمساڵدا ئەو دیاردەیە زۆرتر بووە”.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی بەرامبەر ژینگەو سروشتی جوانی كوردستان دەكرێت، دوورە لە هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتییەوەو لەگەڵ هیچ یاساو ڕێسایەك یەك ناگرێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا