كامەران مەنتك: ئێستا فەرەنسا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناكات

پۆڵەتیك پرێس:
كامەران مەنتك، مامۆستای زانكۆو شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی گومانی خۆی پیشاندا لەوەی یەكێتی ئەوروپا بتوانێت سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت، دەشڵێت: لەئەگەری سەپاندنی سزدا زیان بە ئابووری توركیا دەگات.

لەبارەی كاریگەری سزاكانەوە لەسەر دۆزی كورد لەناوچەكە پێیوایە ئەگەر كورد یەكگرتوو نەبێت تەنیا وەك كارتێك بەرانبەر توركیا بەكاردەهێنرێت، ڕەخنەش لەسەدانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا دەگرێت و بە سەردانی ” تەنیا كەسێكی نزیك لەتوركیا” ناوی دەبات.

كامەران مەنتك هەروەها دەڵێت: كۆبوونەوەی سەرۆكی فەڕەنسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەبەغدا پەیامی پاریسە، كە لەگەڵ یەكگرتوویی خاكی عێراقە و ئێستا وەك جاران بە سەربەخۆیی و ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی ناكات.

پۆڵەتیك پرێس: تاوتوێكردنی سزادانی توركیا لەلایەن پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپاوە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر ڕۆڵی توركیا لە ناوچەكە؟
د. كامەران مەنتك: بەڕاستی دیارە ئێستا توركیا لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە لە كێشەدایە یەكێك لەوانەش دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا ، زیاتر لە ٧٠ ساڵ خواستی ئەوەبوو ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا بەڵام دواجار بەهۆی ئەو رەفتارانەی توركیا دەیكات بەرامبەر هاوڵاتیانی وڵاتەكەی رەتكرایەوە، ئێستا ململانێكیان لەگەڵ توركیا ڕاستەوخۆ لەسەر دەریای سپی ناوەڕاستە ، هەڕەشەكردنی توركیا لەو ناوچەیە وای كردووە لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا ڕووبەڕوو ببێتەوە، بەڵام هاوسەنگیەكە هێندە ئاڵۆزە و پێگەی جیۆپۆلەتیكی توركیا هێندە هەستیارە من پێموایە ئەوروپا بە ئاسانی ناتوانێت توركیا لەدەست بدات، راستە ئێستا توركیا هەوڵدەدات هێڵە سورەكان ببەزێنێت وەك سەرۆكی فەڕەنسا وتی هێڵی سووریان بۆ داناوە ، بەڵام بە بۆچوونی من ئەو دانیشتنانەی پەرلەمانی ئەوروپا تاوەكو ئێستا تەنیا فشارە ، فشارێكە بۆ ئەوەی توركیا ڕەفتارەكانی خۆی ڕاست بكاتەوە، ئەگینا من پێموانییە لە ئێستادا سزا بەسەر توركیا بسەپێنن و توركیا هاندبەن بچێتە پاڵ ڕوسیا و چین.

ئێستا توركیا لەسەر ئەو دوو پەتە یاری دەكات پەتی رۆژئاوا یۆرۆ ئەتڵەسی، پەتی ئۆراسیا، بۆیە ئەوروپا نایەوێت لەدەستی بدات تاوەكو ئەوكاتەی بێ ئومێد نەبێ لێ، بە بۆچوونی من هێشتا فرسەت دەدەنە توركیا بەڵام ئەگەر گەیشتە ئەو قۆناغەی سزا بەسەر توركیا بسەپێنن بێگومان كاریگەری ئابوری لەسەر توركیا دروست دەكات، لەبەرئەوەی سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری سەرچاوەی وزە لە ڕێگەی توركیاوە بۆ ئەوروپا دەچێت، دیارە بەشێكی زۆری بازرگانیەكانی تریش بە ڕێگەی توركیا ، چ لە دەریای ڕەشەوە چ لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە لە رێگەی توركیاوەیە، سزا دادان ڕەنگە ڕەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر توركیا هەبێت.

پۆڵەتیك پرێس: لەبارەی ئاستی سزاكانەوە پێتوایە تەنیا ئابووری دەبێت یاخود لە ڕووی دیبلۆماسی و پەیوەندییەكانی توركیا كاریگەری دادەنێت؟
د. كامەران مەنتك: ئەو ڕەفتارانەی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە كرا لەگەڵ دوای گرتنی ئۆكرانیا لە ٢٠١٤ دا ، هەندێك سزای ئابورییان سەپاند، لەگەڵ هەندێ سزا بەسەر هەندێك كەسایەتی ڕوسیا، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ رووبەڕووی روسیا نەبنەوە، ڕەنگە جۆری سزاكانی سەر توركیاش لە جۆری ئەو سزایانە بێت كە ئەوكات بەسەر ڕوسیادا درا، وەك سزا بەسەر هەندێك كەسایەتی و رێگری گەشتكردنیان بۆ ئەوروپا، بەڵام سزاكان ئەگەر بشدرێ بەشێوەیەكی توند دەستپێناكات، هەرچەند من گومانم هەیە لە سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا لەم قۆناغەدا .

پۆڵەتیك پرێس: ئەگەر سزاكان بسەپێنرێن یان تاوتوێ بكرێت چ كاریگەرییەكی لەسەر باكووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و دۆزی كورد دەبێت؟ پێتوایە بگاتە ئەو ئاستەی لەو ڕووەشەوە كاریگەری هەبێت؟
د. كامەران مەنتك: ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەبێت جیاوازە، ئەوروپا و هێزە سەرەكیەكانی بەتایبەت ئەڵمانیا كە هێزێكی ئابوری بەهێزە بە هەموو شێوەیەك تەنانەت ناتۆش كە هێزی سەربازی ئەوروپایە، لە هەموو هەنگاوەكانی توركیا دژی رۆژئاوا و باكوری كوردستان یارمەتی توركیایان داوە، لە عەفرین بینیمان كە چۆن ناتۆ و فڕۆكەكانی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەشدارییان كرد، شەوێك پێش گرتنی عەفرین ناتۆ هێزەكانی خستە ئامادەباشییەوە، دەربارەی كوردەكانی باكور و مامەڵەكردن لەگەڵ پەكەكەش زۆربەی دەوڵەتەكان یارمەتی توركیا دەدەن بۆ لێدانی پەكەكە و پێیان هێزێكی تیرۆرستە، لەبەرئەوە یەكێتیەكە ئەگەر هەڵوێستیش بەرامبەر توركیا وەربگرێت لەبەر كورد نییە بەڵكو لەبەر ڕووداوەكانی دەریای سپی ناوەڕاستە چونكە راستەوخۆ هەڕەشە لە پێگە و ناوچەی هەژموونی یەكێتی ئەوروپا دەكات، بێگومان ئەگەر بگاتە ئەو هەڵوێستە توندە بۆ ئەوەی لە ناوخۆی توركیا فشار بەرامبەر توركیا دروست بێت رەنگە هەڵوێستی یەكێتیەكە بەرامبەر كێشەی كورد هەندێك گۆڕانكاری بەسەر بێت بەتایبەتی بەرامبەر پەكەكە و رۆژئاوای كوردستان.

 

كورد بۆ ئەوەی سود لە سزاكانی ئەوروپا بەرانبەر توركیا ببینێت پێویستە لەناوخۆیدا یەكگرتوو بێت

 

پۆڵەتیك پرێس: كورد بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش ناتوانێت سود لەم هەڵوێست وەرگرتنەی یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر توركیا ببینێت؟
د. كامەران مەنتك: ناكرێ ئێمە چاوەڕێ بكەین لێكەوتەكان بەوخێراییە ڕووبدەن كە ئێمە دەمانەوێت، مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا لەلایەن یەكێتیەكە مامەڵەی هەنگا و بە هەنگاو دەبن، فشارەكان بەشێوەی كەم دەبن و بەپێی رەفتارەكانی توركیا ئاستەكانیان دەگۆڕێت ، كورد بۆ ئەوەی سود لەم هەڵوێستانە وەربگرێت پێویستە لە ناوخۆدا تەواو بێت، ئێمە بینینمان زۆر رووداو و دەرفەتی گرنگ لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا روویدا بەڵام لەبەرئەوەی لە ناوخۆ یەك نەبوو، نەك سودی لێ نەبین بەڵكو بەپێچەوانەوە لە زۆر كاتیش دژی خۆی بەكارهات، لەبەرئەوە ئەو گۆڕانكارییە هەستیارانەی ئێستا لە هاوسەنگی هێزی جیهانی و سیتەمی هێزی جیهانی ڕوودەدەن پێویست دەكات كورد بەر لە هەموو شتێك ناو ماڵی خۆی رێكبخاتەوەو خۆی بەهێز بكات، كورد تاوەكو ئێستا وەكو كارتێك بەكاردەهێنرێت، ئەگەر یەكێتی ئەوروپا هەڵوێستیش بەرامبەر توركیا بنوێنێت و پشتگیری كوردیش بكات وەكو كارت كورد بەكاردەهێنێت هەركات توانی ئامانجەكانی لەگەڵ توركیا بهێنێتەدی ئەوكات ئەو كارتە فڕێ دەدات، وەكو ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان ڕوویدا، چۆن شەڕی داعش سودیان لە كوردەكان بینی، كە شەڕی داعش بە كۆتا هات و ناوچەی باهۆز گیرا گڵۆپی سەوز بۆ توركیا داگیرسا كە پەلاماری سەرێ كانی و گرێ سپی و رۆژئاوای كوردستان بدا، ئەوەی رۆڵی كورد زیاد دەكات ئەوەیە كورد خۆی چی پێ دەكرێت.

پۆڵەتیك پرێس: پەلهاویشتنی بەرفراوانی توركیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست هۆكارەكەی چییە ؟ ئایا تەنها هۆكاری بەهێزی جیۆپۆلتیكی توركیایە یاخود لاوازبوونی هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی ناوچەكەیە بەرامبەر توركیا؟
د.كامەران مەنتك: هۆكارەكەی هەندێكی پەیوەندی بە ناوخۆی توركیا و هەندێكیشی پەیوەندی بەو گۆڕانكارییە هەیە كە لە سیستمی جیهانیدا ڕوودەدا لە پاش ٩٠ كانەوە سیستمێكی تاك جەمسەری هاتە كایەوە، بەڵام لە دوای ٢٠٠٠ و ە وردە وردە ئەو سیستمە لەق بوو پاش ئەوەی ڕوسیا بەهێز بوو بووژایەوە، ئەو ململانێیەی دروست بووو دەرفەتی بۆ توركیا هێنەیە كایەوە كە پەل بهاوێ بەتایبەت لەدوای هاتنی ئیسلامیەكان بۆ سەردەسەڵات و زیندووكردنەوەی خەونی عوسمانی، كار بۆ ستراتیژێك دەكەن كە كە دەوڵەتی عوسمانی بێننە دەی، هەندێ لەو دەوڵەتانیش كە دژی ئەمریكا شەڕ دەكەن بەتایبەت ڕوسیا پرۆژەیەكی هەیە بە ناوی ئۆراسیا، لە ڕێگەی ئەو پرۆژەیە كار لەسەر زیندووكردنەوەی ئیمپراتۆرییەكان دەكات و هێشتنەوەی دەوڵەتەكان كە پرۆژەی جیهانگەرایی ئەمریكا دەیویست هەڵیوەشێنێتەوە، هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ڕوسیا یارمەتی پەلهاویشتنی توركیای داوە، كە ئێستا گەیاندوویەتیە قۆناغێك بە تەنها هەڕەشە نییە بۆ دەوڵەتە هەرێمیەكان بەڵكو هەڕەشە لە كۆی سەقامگیری و ئاسایشی جیهان دەكات، هەموو ئاسایشی ناوچەكە و جیهانی خستوەتە مەترسییەوە، زۆر جار باس لە ڕووسیا و ئێران دەكرێت بەڵام ئەو شوێنەی كە جەنگی جیهانی لێ هەڵدەگیرێست من پێموایە توركیا دەبێت لە بەرەی ڕۆژهەڵات، لەبەرئەوە پێگەكەی جیۆپۆلیتیكی زۆر هەستیاری هەیە، توركیا لەسەر دەریای ڕەشە هەر وڵاتێكی ئەو ناوچەی لەدەست بێت دەتوانێت دەروازی دەریایی ڕوسیا دابخات، لایەكی دیكەی لەسەر دەریای سپی ناوەڕست و لایەكیشی لەسەر كەنداوو لایەكی لەسەر ئەوروپایە ، ئەم پێگەیە وا دەكات زلهێزەكان رێگە نەدەن تەنها لایەنێك ئەو ناوچەی لەدەست بێت، بۆیە من پێموایە شەڕ لە توركیا هێڵی سوور دەبێت ، زیادكردنی گرژییەكان لە توركیا هێڵی سوور دەبێت بۆ هەموو زلهێزەكانی جیهان، گۆڕانكارییەكانی توركیا و هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر توركیا بەووشێوەیە ئاسان نییە كە شرۆڤەكاران و چاودێرانی ئێمە باسی دەكەن.

پۆڵەتیك پرێس: لەناو یەكێتی ئەوروپا یەك هەڵوێستی بەرامبەر توركیا هەیە؟ لەناو یەكێتیەكە كام وڵات پەیوەندی لەگەڵ توركیا لە ئاستێكی خراپدایە و هانی دەوڵەتای دیكەش دەدات هەڵوێستت بنوێنن؟
د. كامەران مەنتك: ئێستا یەكێك لە كێشەكانی یەكێتی ئەوروپا ئەوەیە خۆی لە قەیران دەژی، دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئێستا فەڕەنسا یەكێكە لەو دوڵەتانەی لەبەرامبەر توركیا توندە، لەبەرئەوە توركیا خەریكە هەڕەشە لە لیبیا وسوریا و لوبنان دەكات و كە بەشێكیان ناوچەی نفوزی فەڕەنسان، لەلایەكی دیكەوە ئەڵمانیا ڕاستە لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە هەوڵدەدات نیشانی بدات دژی توركیایە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەشێكی زۆر لە چەكی توركیا لە ئەڵمانیا دروست دەكرێت، كەواتە لە ڕووی ئابووری و سیاسیەشەوە ئەڵمانیا تاوەكو ئێستا گەورەترین هێزی ئابووری ئەوروپایە كە پشتی توركیا دەگرێت، تەنانەت بۆ لێدانی كوردیش ئەڵمانیا سیاسەتێكی زۆر ناڕەوای هەیە، نمونەش هەیە بۆ ئەمە، كاتێك توركیا چەكی فسفۆڕی لەبەرامبەر كوردەكان بەكارهێنا ئەڵمانیا رایگەیاند كە چیتر چەك بە توركیا نافرۆشێت و لە ڕووی راگەیاندنەوە هەڵوێستی توندی نواند، بەڵام لە هەمان كاتدا بەردەوام لە فرۆشتنی چەك و هەموو تانكانەی توركیا بەكاریهێنا هی ئەڵمانیا بوون ، كەواتە یەكێتی ئەروپا بە ئاسانی یەك هەڵوێست نابێت.

توركیا بووەتە زلهێزێكی هەرێمی لە لایەك و لەلایەكی دیكەش بووەتە كارتێك ، كارتی ئەمریكا ، ئەمریكا بەو پەیوەندیانەی لەگەڵ توركیا هەیەتی، زۆر جار توركیا بەكاردێنێ بۆ فشارخستنە سەر یەكێتی ئەوروپا، كەواتە دەكرێ پەیوەندی نێوان یەكێتی ئەوروپا و توركیا لە گۆشەیەكی دیكەشەوە تەماشا بكرێت. لە دوا دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش روسیا و چین ڤیتۆیان بەكارهێنا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش دەنگیان نەدا، هەردوو دەوڵەتە ئەوروپیەكە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دژی ئەمریكا وەستانەوە، ئەمریكاش لە بەرامبەردا توركیا وەك كارتێك بەرامبەر ئەوروپا بەكاردێنێ و بۆ ئەوەی سزای ئەوروپا بدات بە توركیا دەیترسێنێت، پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا زۆر بەتینە، لەلایەكی دیكەشەوە توركیا كارتێكە لەناو گەمەیەكی گەورەتر كە گەمەی زلهێزەكانی جیهانە.

پۆڵەتیك پرێس: هاتنی ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ عێراق تا چەند پەیوەندیدارە بە رۆڵی توركیاوە لە ناوچەكە و ئەو ترسەی دەوڵەتانی ئەوروپی لە ڕۆڵی توركیایان هەیە؟
د. كامەران مەنتك: بێگومان فەڕەنسا هەوڵدەدات رۆڵی لە ناوچەكە زیاد بكات، وەك ماكرۆنیش خۆی وتی هێڵێكی سووری بە فیعلی بۆ توركیا دابنێت، بەڵام من پێموایە هاتنی ماكرۆن پەیوەندیدارە بەو ڕووداوانەی كە لە مانگی ١٠ و ١١ لە ناوچەكە ڕوودەدەن، ئێستا دوو ئاراستە لە گۆڕێیە، بۆ نمونە دوای ماكرۆن یەكسەر نێچیرڤان بارزانی چووە توركیا، بە بۆچوونی من دوو ئەگەر هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە توركیا لە هەفتانین شكستی هێنا، ئەوەی دەیەوێ ئەوەیە كە وەك ساڵی ٢٠١١ لەسەر مێز لەگەڵ كورد دابنیشن و مەسەلەی پرۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە، لەلایەكی ترەوە لە مانگی ١٠ و ١١ ئەمریكا بە هەڵبژاردنەكان سەرقاڵ دەبێ، زۆر ئەو دەوڵەتانەی دژایەتی سیاسەتی ئەمریكان ئەو ماوەیە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێ لە هێڵە سورەكان بنێن چونكە بابەتی بڕیاردانی شەڕ لە ئەمریكا ئاسان نییە و نایەوێت گرژی زیاتر بكەوێتە ناوچەكە بە بۆچوونی من یەكێكی تر لە هۆكارەكانی سەردانی ماكرۆن ئەم ئەگەرەی دوووەم بووە.

پۆڵەتیك پرێس: پێتوایە ئێستا یەكێتی ئەوروپا نەرمی بەرامبەر ئێران دەنوێنێت؟ بەرامبەر ئێران نەرمی دەنوێنێت و لە بەرامبەر توركیا توندترە؟
د. كامەران مەنتك: بە بۆچوونی من سیاسەتی یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر ئێران جیاواز بووە نەك لە ئێستادا بەڵكو لە ناوەڕاستی ٩٠ كانەوە، لەبەرئەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا ئەوانە بەرژەوندی ئابوری گەورەیان لەگەڵ ئێران هەیە بەتایبەتی لە بواری وزە. بۆیە ئەو هەڵوێستەی ئەمریكایان بەرامبەر ئێران نیە هەمیشە هەوڵیانداوە جۆرە نەرمییەك بەرامبەر ئێران بنوێنن بەڵام هەموو ناوچەكە وەك تەختەی شەترەنجێكە، لە سیاسەت تیۆریی یاری دۆمینۆ هەیە ، لە یارییەدا پولێك دەجوڵنرێت پولەكانی دیكە هەموو بەردەبنەوە، گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەك گەمەی دۆمینۆیە لەسەر تەختەی شەترەنج، بۆیە هەر گۆڕانكاریەك لە توركیا رووبدا لە هەموو ناوچەكە روودەدا . هەر گۆڕانكارییەكیش لە ئێران رووبدا كاریگەرە بۆ تەوای ناوچەكە، هەروەك چۆن رروخانی سەدام دەرفەتی بۆ هێزە كورد و شیعەكان كردەوەو گۆڕانكاری بەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەكدا هات.

 

سەردانەكەی نێچیرڤان بۆ توركیا شەخسی بوو

 

پۆڵەتیك پرێس: سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا؟ دەستكەوتی ئەو سەردانە چی بوو؟ سەردانی سەركردەیەك بوو بۆ وڵاتێكی زلهێز؟ هیچی لێ دەكەوێتەوە؟
د. كامەران مەنتك: من پێموانییە سەردانی سەركردەیئەكی كورد بووبێت، ڕاستە بە سیفەتی سەرۆكی هەرێم چوو، بەڵام تەنها وەكو كەسایەتیەك سەردانەكەی كرد كە نزیكە لە توركیا، ئەگەر تەماشای تیمەكەی بكەی كە لەگەڵیدا بوو تەنانەت نوێنەرایەتی هەموو پارتیش ناكا، كاتی سەردانەكەش كاریگەرییەكی نەگەتیڤانەی هەبوو، یەكەم دەرهاویشتەی ئەوەبوو سەردانی شاندی هەرێمی بۆ بەغدا دواخست ، كە دەبوو هەردوولا بۆ چارەسەری كێشەكان كۆببنەوە.

 

فەڕەنسا بە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێم لە بەغدا پەیامی فەڕەنسایە كە لەگەڵ یەك پارچەیی عێراقە

 

پۆڵەتیك پرێس: كۆبوونەوەی ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانی پەیامەكەی چی بوو؟ چی لێ دەكەوێتەوە؟

د.كامەران مەنتیك: بەڕاستی كۆبوونەوەی ئەمجارە لە كۆبوونەوەكانی پێشوو جیاواز بوو، ئەگەر تەماشا بكەی كۆبوونەوەكانی پێشووتر هەمیشە سەرۆكەكانی فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەهاتنە هەولێر ،ئەمجارە نەهاتن و لە بەغدا لەگەڵ كوردەكان كۆبوونەوە ئەمەش مانای ئەوەیە فەڕەنسا لە ئێستادا لەگەڵ بەهێزكردنەوە و مەركەزیەتن لە عێراق، لەگەڵ ئەو سیناریۆیە نین كە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش بەشی دەڤەری زەرد بدەنە پاڵ توركیا، ڕەنگە ئەمە ئاماژەیەكیش بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە ڕازی نین و دەمانەوێ عێراق بەهێز بێت لەگەڵ مەركەزیەتین ، سەردانەی نێچیرڤان بارزانیش كاردانەوەیەك بێت بۆ ئەو هەڵوێستەی فەڕەنسا وە هەروەها بێگومان فشارەكانی توركیاش بە حوكمی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ نێچیرڤان هەیەتی ڕۆڵی خۆی لەسەردانەكە هەبووە، مانای وایە سیاسەتی فەرەنسا و مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و دەیەوێ لەڕێگەی عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵ بكات نەك وەك پێشتر بەشێوەیەكی سەربەخۆ دەیكرد، ئەمە گەڕانەوە دواوەیەكە لە سیاسەت و دیبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان .

لەگەڵ ئەوەی ناكرێ ئەو پرسانە لە یەك ئاراستەوە بخوێنرێتەوە ، بەڵام ئەو سەردانەی نێچیرڤان بۆ توركیا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ماكرۆن سەرلێشێواویە و نەبوونی ستراتیژییەكی ڕوونی سەركردایەتی كوردە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا