بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەسەر شەڕی قوتابخانە ناحکومییەکە هاتەدەنگ

پۆڵەتیک پرێس:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی شەڕی قوتابخانە ناحکومییەکەی سلێمانی روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: شەڕەکە لەنێوان کەسوکاری دوو قوتابیدا روویداوە و پەیوەندی بەوانەوە نییە، قوتابخانەکەش سەربە حکومەتی ناوەندە.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیدا هاتووە، “ئەو قوتابخانەیەی ئەو حاڵەتەی تێدا ڕوویداوە سەر بە حکومەتی ناوەندە وە قوتابخانەیەکی ناحکومییە لە ڕووی دارایی و یاسایی و کارگێڕییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بە ناوی قوتابخانەکانی العالمية المتحدة (مدارس العالمية المتحدة)”.

ئەوەش هاتووە، “کێشەی دوو قوتابی ھەبووە لەو قوتابخانەیە کارگێڕی قوتابخانەکە کەسوکاریان بانگ کردوون، یەکێک لە خوێندکارەکان دایکی لەگەڵیدا ھاتووە و ووتویەتی چاوەڕێم براکەم بێت، بەداخەوە کاتێک براکانی ھاتوون ئەم حاڵەتە چەکدارانە بووە و ئەو دیمەنە ناشایستە و ناپەروەردەییانە ڕوویدا”.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، “ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ئیدانەی ئەم کارە دەکەین وە ھەموو ھاوکاریەک دەکەین بۆ بە سزادانی ئەوانەی کە دەست درێژیان کردۆتە سەر ئەو ناوەندی خوێندنە، وە ھیوادارین ھەموو دام و دەزگاکان بە تایبەت فەرماندە سەربازییەکان ڕێ لەم دیاردانە بگرن کە چەک بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئەمن و ئاسایشە نەک بۆ تۆڵەکردنەوەی کەسی”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەشڵێت: لە ئێستادا یاسای وەزارەتی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە ھەموارکردنەوەدایە داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم جۆرە دیاردانە یاسای تایبەت دەربکات بۆ پاراستنی ماف و گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران وە پیرۆزی ناوەندەکانی خوێندن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا