بەرپرسانی یەكێتی دڵنیایی لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی جەخت لەوە دەكەنەوە لەم خولەشدا پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرنەوە، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ بەرپرسانی پارتی كە لە ئێستادا باس لەوەرگرتنی ئەو پۆستە دەكەن.

ماوەی چوار خولە پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتییە، واتە لە ساڵی 2005ەوە پۆستەكە بەڕێوە دەبات، ئەوەش لەچوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی خۆی دێت لەگەڵ پارتی، كە بەپێی رێككەوتنەكەیان لەبەرانبەر پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتی پۆستەكانی سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێمی وەرگرتووە.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “تەئكید دەكەینەوە ئەو پۆستە هی ئێمەیەو خۆشمان سەر پشكین لەوەی كێ كاندید دەكەین”.

وتیشی، “ئێمەو پارتی رێككەوتنمان هەیە، ناكرێت هەموو پۆستەكانی هەرێم و بەغداش هەر بۆ ئەوان بێت، وەك یەكێتی ئیشمان لەسەر كردووە، ئەو بابەتە بڕاوەتەوە كە بۆ ئێمە دەبێت”.

هاوكات باسی لەوەكرد، نەك لە هەرێم، بەڵكو لایەنە عێراقییەكانیش هاوڕان لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار مافی یەكێتییە.

هاوكات ئارێز عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پارتی لەبەر دوو هۆكار داوای ئەو پۆستە دەكات، یەكەم لەبەرئەوەی ژمارەی كورسییەكانی زۆرترە لە حزبەكانی دیكە، دووەمیش بۆ ئەوەیەتی بیكاتە بابەتی دانوستان لەگەڵ حزبەكانی دیكە.

راشیگەیاند، بەدڵنیاییەوە پۆستەكە هی ئەوانە، لەبارەی ناڕازیبوونی پارتیش لەسەر كاندیدی یەكێتی، باسی لەوەكرد، ئەوان مەبەستیانە لەگەڵ تەواوی حزبەكانی دیكە رێكبكەون لەسەر كاندیدێك، بەڵام گەر نەگەشتنە رێككەوتن ئەوا خۆیان كاندیدەكەیان دیاریدەكەن و ئەو پرسە یەكلایی دەكەنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس، سەرەڕای نیگەرانییەكانی پارتی، بەڵام یەكێتی بۆ ئەم خولەش هاوشێوەی پێشوو تائێستا تاكە كاندیدی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەكە دكتۆر بەرهەم ساڵحە، كە ئێستا پارتی نایەوێت جارێكی دیكە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵام هێشتا یەكێتی بە فەرمی كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵحی رانەگەیاندووە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک