پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە22_12_2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەكان بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی كرد.
لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسیی عێراق، هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەران و نیگەرانیی ئەو لایەنانەی لە ئەنجامەكانی ناڕازین، پرۆسەی یاسایی و تانەدان لە ئەنجامەكانی تاوتوێ كران.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆكایەتی هەرێم هەردوولا هاوڕا بوون كە وێڕای ناڕەزایی و تێبینییەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، دۆخ و تەحەدییەكانی وڵات بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و ئەوە دەخوازێت هەموو هێز و لایەنە عێراقییەكان بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی و داهاتووی وڵات، بگەنە تێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و تێپەڕاندنی دۆخەكە و دامەزراندنی حكومەتێك كە وەڵامدەرەوەی داواكاریی هاووڵاتیان بێت.
كێشەكانی هەولێر_بەغدا، بەرنامەی كاری شاندەكە و دیدار و كۆبوونەوەكانیان لە هەرێمی كوردستان، چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكە و هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
نێچیرڤان بارزانی دەربارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپاتی كردەوە كە عێراق دۆخێكی تایبەتی هەیە و هەرێمی كوردستان هەرگیز نابێتە بەشێك لە كێشەكان، بەڵكوو وەك هەمیشە فاكتەرێكی یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەركردنی واقعییانەی كێشەكان و گەیشتن بە هاوبەشییەكی ڕاستەقینەی نێوان لایەنە عێراقییەكان.