پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres
هەوڵ و هەنگاوەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەچنە قۆناغی پراكتیكیەوە، لەو میانەیەشدا رۆژی چوارشەممە 22_12_2021، لە شاری هەولێر، قوباد تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەیاوەری شاندێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازییان كرد لە وەفدێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەرۆكایەتی نوری مالكی.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەكان و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
لەوبارەیەوە شاندی میوان، بۆچونی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیان خستەڕوو لە پێناو بەدیهێنانی هاوسەنگی سیاسی كە پێویستە بۆ زامنكردنی گێڕانەوەی سەقامگیری سستمی سیاسی.
هەردوولا پێویستی بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەكانی نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانیان دووپاتكردەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەكان كە ئەوەش بە حكومەتێكی خزمەتگوزار دەكرێت كە داخوازی هاوڵاتیان بەدیبهێنێت، هاوكات جەختیش لەسەر شەراكەت و هاوسەنگی لە پرۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە.
لە كۆبونەوەكەدا شاندی یەكێتی بە شاندی میوانی راگەیاند كە ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال بەردەوامین و لەگەڵ چارەسەركردنی گرفتەكانین لەڕێی گفتوگۆ و یەك خستنی ریزەكان لەپێناو گەلانی عێراق بەگشتی.
باسیان لەوەشكرد شاندێكی یەكێتی دەچێتە بەغداد بە مەبەستی گفتوگۆ كردن لەگەڵ لایەنە سیاسیییەكان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتێك كە توانای خزمەتكردنی هاوڵاتییانی هەبێت و هەروەها بتوانێت رووبەڕووی مەترسییەكانی داعش ببێتەوە لەگەڵ بنبڕكردنی گەندەڵییەكان و چاكسازی راستەقینە ئەنجامبدات.