ئومێد خۆشناو: بێ‌ هیوابووین لە حكومەتی عێراق و دوو ملیار دینارەكە وەرناگرین

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: ئەو دوو ملیۆن دینارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ قەرەبووی زیانەكانی لافاوەكەی هەولێر تەرخانی كردووە رەتدەكەینەوە و وەریناگرین، بێ هیوابوونی خۆمان لەهاوكاریكردنی حكومەتی عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین .

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی سێ شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو ملیۆن دینار بۆ زیانلێكەوتووانی لافاوەكەی هەولێر تەرخانبكات ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: دوای ئەوەی ئەو كارەساتەی لەڕۆژی هەینی 2021.12.17 بەهۆی لافاوەوە بەسەر شارەكەمانداهات، كە سەرەڕای زیانی گیانی قەبارەی زیانە مادیەكانیشی زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لەزیانەكانی كەرتی گشتیی كە تەنها زیانی هاوڵاتییانی زەرەمەند بەبڕی (20) تاوەكو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە.

ئومێد خۆشناو ئەوەی خستەڕوو، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووان وەك مافێكی یاسایی خۆمان داواكاریمان پێشكەش بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ كرد تاوەكو لەبودجەی فریاكەوتن كە مانگانە لە بودجەی دیاریكراوی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەی كەمافی هەرێمی كوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕی (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، كە ئەمەش بەهیچ شێوەیەك لە چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو لەبەرامبەر قەبارەی ئەو زیانە گەورەیەی بەهۆی كارەساتێكی سروشتییەوە بەسەر شارەكەمان داهاتووە.

روونیشیكردەوە ، بۆیە وێڕای ئەوەی ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەك لە ئاستی چاوەڕوانی و قەبارەی زیانەكان نییە، سەرەڕای ڕەتكردنەوەی ئەو بڕەی بۆمان دیاریكراوە كە بەهیچ شێوەیەك وەریناگرین، بێ هیوابوونی خۆمان لەهاوكاریكردنی حكومەتی عێراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناكەین.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئەوەی داوامان كردووە مافێكی یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێت كە مانگانە بەناوی خەرجی سیادی لە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەو كاتەی كە پێویستمان پێیەتی دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک