نێچیرڤان بارزانی هەڵەكەی مامی دووبارەكردەوە

پۆڵەتیك پڕێس:

شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانەكەی بۆ توركیا لە گەرمەی ململانێكانی ئەنقەرە و پاریسدا دووبارەكردنەوەی هەمان هەڵەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێمە كە گوێی بۆ خواستی ئەمریكا نەگرت بۆ دواخستنی ریفراندۆم.

ئەمریكا لە چەند رێگایەكەوە لە 2017 داوای لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم كرد كە ریفراندۆم دوابخات و بەڵێنی زۆر گرنگیشی بە كورد دا، بەڵام بارزانی سووربوو لەسەر ریفراندۆم، لە دەرئەنجامدا حكومەتی عێراق نیوەی زیاتری خاكی باشوری كوردستانی داگیركردەوە و ئەمریكایش بێدەنگی هەڵبژارد.

سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی دوای سەردانی رۆژێك پێشتری ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا بوو بۆ بەغدا كە لەوێ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش كۆبووەوە.

سەردانەكە هاوكاتیشە لەگەڵ زیاتربوونی پەرەسەندنەكانی نێوان پاریس و ئەنقەرە و سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بەجۆرێك لێكدرایەوە كە دەربڕینی پشتیوانی بووە بۆ توركیا، لەكاتێكدا دۆستایەتی فەڕەنسا بە گرنگتر دەزانرێت لە دۆستایەتی توركیا، كە توركیا رۆژانە باشور و رۆژئاوای كوردستان بۆردومان دەكات و دان بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانیشدا نانێت.

شرۆڤەكاران دەڵێن: هەرێمی كوردستان بەپشتیوانی سەرەكی فەرەنسا لەسەرەتای نەوەدەكانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش دروستبووە و پارێزراوە، بۆیە لە دەستدانی پشتیوانی فەڕەنسا یان گۆڕینەوەی پاریس بە ئەنقەرە بە زیانێكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە.

بەپێی لێكدانەوەی شرۆڤەكاران سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا كۆبونەوە‌ لەگەڵ ئەردۆغان لەكاتی توندبوونەوەی ململانێكان نەك نەپاراستنی بێلایەنی بووە لە نێوان فەرەنسای دۆستی كورد و توركیای دراوسێدا كە بە دوژمنی كوردیش هەژمار نەكرێت، بگرە لایەنداری توركیای پێوە دیار بووە.

چاودێران بە دووری نازانن زیانەكانی لەدەستدانی متمانە و دۆستایەتی فەڕەنسا بە قورسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بشكێتەوە، وەك چۆن سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشووی هەرێم بە حساب نەكردن بۆ خواستی ئەمریكا و خۆرئاوا بۆ دواخستنی رێفراندۆم، لەدەستدانی نیوەزیاتری خاكی باشوری كوردستانی لێكەوتەوە.

هاوكات ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: نەمدەویست قسە لەسەر سەردانەكەی كاك نێچیروان بۆ توركیا بكەم، بەڵام كاردانەوەكانی گەورە بوون و بەردەوامیشن.

ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیوێتی: منیش لە سەرۆك دەپرسم ئایا توركیا قایل نەبوو شاندەكە رەنگدانەوەی حكومەت بێ، یان بابەتی زۆر تایبەت و نهێنی باس دەكران؟.

وتیشی: ئەگەر ئەوە مەرجی توركیا بوو بێ كارێكی مەتدسیدارە، ئەگەر خۆشتان بڕواتان بە هاوبەشەكانتان لە حكومەت نییە مەترسیدار ترە!
سەیربكەن ئەگەر ئەو سەردانە بە شێوەی پێكهاتەی حكومەت (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، توركمان و ئاشوری) بوایە چەند گرنگتر و بێ گومانتر دەبوو ؟

هەینی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی سەرۆكایەتی سەردانی توركیای كرد، لەوێ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەدا كۆبووەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا