دانپێدانانی گروپێكی داعش لە هەولێر بڵاوكرایەوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دانپێدانانی گرووپێكی سەر بە داعشی بڵاوكردەوە، كە لە لایەن دژەتیرۆری كوردستانەوە لە شاری هەولێر دەستگیر كراون و پیلانیان بۆ ئەوە داڕشتبوو، لە داهاتوودا “كردەوەی تیرۆریستی” ئەنجام بدەن.

ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری كوردستان، گرووپێكی ویلایەتی شیمال بەغدادی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە شاری هەولێر دەستگیر دەكات، ئەم گرووپە پێكهاتبوون لە گرووپێكی ئەمنی و لە ماوەی رابردوودا هەستاون بە دروستكردنی مەفرەزەیەك لە شاری هەولێر و دابینكردنی كەسانی خۆكوژ بۆ ئەم مەفرەزە و توانیویانە سێ خۆكوژ دەستبەسەر بكەن”.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “لە یەكێك لە كردەوە تیرۆریستییەكانی ئەم گرووپە یەكێك لە خۆكوژەكانیان بە ناوی (هیدایەت) لە رێككەوتی 19ی تەممووزی 2021 لە رۆژی عەرەفەی جەژنی قوربان لە ناوچەی مەدینە سەدری شاری بەغدا خۆی تەقاندووەتەوە”.

هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش دەشڵێت، “ئەم گرووپە هەستاون بە كڕینی چەك و پێداویستیی سەربازیی و رەوانەكردنیان بۆ بەغدا، هاوكات لە پیلاندا بوون تا لە داهاتوودا كردەوەی تیرۆریستیی زیاتر ئەنجام بدەن، بەڵام بە هەوڵ و چاوكراوەیی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان توانرا ئاشكرا بكرێن و ئەندامانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەستگیر بكرێن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا