شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەولێریان کردە ئیجە و سلێمانیش لەسایەی میلیشیاوە بووەتە تەکساس

پۆڵەتیک پرێس:
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نوسینێکدا دەڵێت “وتیان هەولێر دەکەنە دوبەی بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە”.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نوسینێکدا بە بۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستان و ساڵیادی نەخۆشكەوتنی مام جەلال نوسیویەتی “مامە گیان.. وا ئەمڕۆ کە رۆژى ئاڵاى کوردستانە، ئەو ئاڵایەى کە تەمەنی خۆت لەپێناوی شەکانەوەو شکۆمەندیبونیدا بەخشی، هاوکاتە لەگەڵ نۆ ساڵ بەسەر بیرەوەرى نەخۆشکەوتنتداو ئەتوانم بڵێم لەو رۆژەوە زەمانەتی بەرز راگرتنی شکۆی ئاڵاى کوردستان نەماوە، گەلەکەشمان لەدواى تۆی خەمخۆرو پارێزەری مافەکانمان، وەک پوشێکی لێهاتوە بەدەم باوە”.

دەشڵێت “مامە گیان، گوتیان هەولێر دەکەنە دوبەی بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە! وا هەموان سەرقاڵی دۆزینەوەی لاشەی (دانەر)ی تەمەن دە مانگانن کە لافاوەکەی هەولێری بە دوبەی کراومان لەگەڵ خۆی بردی”.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی نوسیوە “مامە، وتمان سلێمانی ئەکەینە پایتەختی ڕۆشنبیری، لەسایەی سەری کوڕی مەسئول و ئەو هەمو هێزو میلیشیا رەنگاوڕەنگەوە کردومانەتە تەکساس، وتمان کەرکوک ئەکەینە شاری پێکەوە ژیان، کردومانەتە شاری ڕق و کێنە و سەد بەرەکی”.

دەقی نوسینەكە:

ساڵیادی نەخۆشکەوتنی مام و ..

17ى دیسەمبەر ئەو رۆژەى کە تارمایییەکی رەش باڵى بەسەر کوردستان و عێراقدا کێشاو سەمامی ئەمانەکەی لەدەست داو چیترخۆشبەختی بەخۆوە نەبینیيەوە.

ئەو رۆژەى مام چیتر بەرگەى ماندوێتی و سەختیەکانی خەباتی سیاسی و کێشمەکێشەکانی نەگرت و لێدانی دڵە گەورەکەی ئەو پێشمەرگەو کوردپەروەرو شۆڕشگێرو رابەرو سیاسەتمەدارە ژیرو بلیمەتەی گەلەکەمان کەوتە دەست قەدەر.

مامە گیان..

وا ئەمڕۆ کە رۆژى ئاڵاى کوردستانە، ئەو ئاڵایەى کە تەمەنی خۆت لەپێناوی شەکانەوەو شکۆمەندیبونیدا بەخشی، هاوکاتە لەگەڵ نۆ ساڵ بەسەر بیرەوەرى نەخۆشکەوتنتداو ئەتوانم بڵێم لەو رۆژەوە زەمانەتی بەرز راگرتنی شکۆی ئاڵاى کوردستان نەماوە، گەلەکەشمان لەدواى تۆی خەمخۆرو پارێزەری مافەکانمان، وەک پوشێکی لێهاتوە بەدەم باوە! ژیانێکی سەخت و رۆژگارێکی پڕ لە نەهامەتی و ئایندەیەکی نادیار باڵی هەڵکێشاوە بەسەر هەرێم و عێراقدا، مامە گیان لە ماوەی ئەو نۆ ساڵەدا نەک هەر بەرەو پێش نەڕۆیشتوین بەڵکو پاشکەکشێشمان کردوەو تەنانەت بەو هەمو موزایەدەو دروشمە بریقەدارو تەپڵ لێدان و هاتوهاوارەشەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش دابین نەکراون! مامە، نەک هەر کیژۆڵە شنگالیەکانی کە لە بازاری رەقەدا فرۆشران هێشتا کەنیزەکن، بەڵکو هەر دوێنێ تەرمی کیژۆڵەیەکمان لە خاکی پیرۆزی خۆماندا بە بێ ناو نیشان ناشت! مامە، لەسایەى سەری کۆمەڵێک بازرگان و بەرژەوەندیخوازەوە نە بستێک زەوی ماوە، نە گۆیژە، گۆژەیەو نە کەسیش ئەتوانێت پۆزێک لە جادەی پۆزەکە لێبدات! سەرچنار بوەتە مێژو، عێنکاوە بۆتە سەرگوزەشت، قەڵادزە ساڵی جارێک یادی ئەکەینەوە، ئەنفال و هەڵەبجە هەر بونەتە مەراسیمێکی یەک چرکە وەستان بۆ گیانیانی پاکیان، کۆیە ناوی نەماوە، گەرمیان مەگەر بە گۆرانی ناوی بێتە ناو ناوان.

مامە گیان، گوتیان هەولێر دەکەنە دوبەی بەس داخەکەم کردیانە دەریای ئیجە! وا هەموان سەرقاڵی دۆزینەوەی لاشەی ( دانەر)ی تەمەن دە مانگانن کە لافاوەکەی هەولێری بە دوبەی کراومان لەگەڵ خۆی بردی، نازانم ئێستا لافاوەکە گەیاندویەتیە پەنا کام تاشە بەردو لە کام دۆڵ و شیو و کەناری کام گوندو بناری کام کێو و چیا نیشتوتەوە..؟

مامە، وتمان سلێمانی ئەکەینە پایتەختی ڕۆشنبیری، لەسایەی سەری کوڕی مەسئول و ئەو هەمو هێزو میلیشیا رەنگاوڕەنگەوە کردومانەتە تەکساس، وتمان کەرکوک ئەکێنە شاری پێکەوە ژیان، کردومانەتە شاری ڕق و کینەو سەد بەرەکی، وتمان سەری بادینان بەرز ئەکەینەوە بەس هەمو ئەو بادینانەی کە داوای مافی ڕەوای خۆیان و خەڵکیان کرد بە شەش ساڵ و دە ساڵ سزا دران و خرانە کونجی زیندانەوە وتمان بەغدا ئەکینەوە بە (باغی داد) و بۆتە مەیدانی زۆرانبازی و فڕکان فڕکانی وڵاتانی بێگانەو کوتلەو حزب و لایەنە سیاسییەکان..!!

مامە گیان، سەردەم گۆڕاوە، نە مەبدئـ بونی ماوەو نە کەس بە کەسە و نە هەرێم هەرێمەو نە عیراق، عيراق.. گەورەم لەگەڵ هەر هەمو ئەوانەشدا پێویستە راستییەکت پێ بڵێم کە هێشتا تروسکاییەک هەر ماوە…

یادو یادەوەریت بەخێر ڕابەرم

بەڵێن بێت لەرێبازی پیرۆزت لانەدەم

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

١٧-١٢-٢٠٢١

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا