بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر وێستگە جیاجیاکانی کارەبا دەکەوێت

پۆڵەتیک پرێس:

بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر وێستگەی دارەتوو و قوشتەپە، فەرمانگەی چاککردنەوەی کارەبای قوشتەپە و چەندین تاوەر و کێبڵی کارەبا و ئۆتۆمبێلی فەرمانبەرانی ئێشکگر کەوتووە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی کەمال محەمد ساڵح، وەزیری کارەبا سەردانی وێستگەی کارەبای دارەتووی کردووە کە بەهۆی باران و لافاوەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە.

لایخۆیەوە وەزیری کارەبا داوای لە تیمەکانی کارەبا کرد، کار بۆ چاککردنەوە و گۆڕینی فیدەرەکان و گواستنەوەی بۆ وێستگەیەکی دیکە بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی دارەتوو و دەوروبەری بێ کارەبا نەبن و، ئامادەیی وەزارەتیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەک دەربڕی.

پێشتریش وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، “بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانە بەهێزەی کە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی شاری هەولێر و دهۆک، چەند هێڵێکی پاڵەپەستۆی بەرزی گواستنەوەی کارەبا تووشی گرفت بوون و چەند یەکەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کار کەوتوون، کە بووەتەهۆی کوژانەوەی گشتی لە پارێزگای دهۆک و کوژانەوەی بەشێکی ناوچەکانی هەولێر”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک