پۆڵەتیک پرێس:
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی وەزارەت بەمەبەستی چاودێریکردنی دۆخی ئەو عێراقییانەی لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵندا گیریان خواردووە، دەچێتە پۆڵندا.
لەوبارەیەوە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆچی عێراق رایگەیاند، “لەسەر داواکاری ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، شاندێکی وەزاری سەردانی پۆڵندای کرد، بەمەبەستی چاودێریکردنی کۆچبەرە عێراقییەکانی سنووری بێلاڕووس و پۆڵندا.
وتیشی: لەمیانی سەردانەکەدا دیداری چڕوپڕ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی پۆڵندا ئەنجامدرا و دۆخی کۆچبەرانی عێراق لەو سنوورانە تاوتوێکرا.
ئەوەشی خستەڕوو، “جەختکراوەتەوە لەوەی لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە بکرێت”.
شاندەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دووپاتیکردووەتەوە، پێویستە هەر کام لەو کۆچبەرانە دەیانەوێت بە ویستی خۆیان بگەڕێنەوە عێراق، کارئاسانیان بۆ بکرێت.