پۆڵەتیك پرێس هۆكاری دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاشكرا دەكات

پۆڵەتیك پرێس

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست پۆڵەتیك پرێس كەوتووە، دەركەوتووە بەهۆی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵییەوە بڕیار لە دوورخستنەوەی عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی دراوە، هاوكات چەند كەسێكیش دەستگیركراون.

بەپێی زانیارییەكان، لە ماوەی رابردودا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلی جۆری مەنەفێست ئەنجامدراوە كە ئەو كارە پێچەوانەی یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ بووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان هۆكارێكی دیكەی دوورخستنەوەی عەمید فەرەیدوون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی چەندین ئۆتۆمبێل ژمارەیان پێدراوەو كراونەتە ئۆتۆمبێلی (درع) دواتر بە بڕە پارەیەكی زۆر زیاتر لە نرخی خۆیان فرۆشراونەتەوە.

ئەو سەرچاوانە بە پۆڵەتیك پرێسیان راگەیاند، ئێستا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی تایبەت بە گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی پێكهێنراوەو لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوامی دەبێت. هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ئێستا دوو كەس لەو بەڕێوەبەرایەتییەكە پلەدارن بەتۆمەتی تێوەگلانیان لەو گەندەڵییانە دەستگیركراون، هاوكات كوڕی بەرپرسێكی باڵاش لەو دۆسیەیانە تێوەگلاوەو چاوەڕوان دەكرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت.

هەر ئەمڕۆ سێ شەممە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ عەمید فەرەیدون عومەر بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی گواستراوەتەوە بۆ سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم لە هەولێرو لە پۆستەكەی دورخرایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا