پۆڵەتیک پرێس
کۆمەڵێک وێنەگری ژیانی کێوی ڤیدیۆیەکیان تۆمارکردوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاویان کردۆتەوە، ڤیدیۆکە شەڕێکی هەناسەکێش لەنێوان تیمساحەکانی ئاوی سازگار و شەمشەمەکوێرە سوورە زەبەلاحەکان لە باکوری ئۆسترالیا پیشان دەدات.
پلەی گەرمی لەو ناوچەیەی ئۆسترالیا گەیشتە 38 پلەی سەدەی، ئەم ڕێژەیەش بەسە بۆ کوشتنی شەمشەمەکوێرەکان بەهۆی وشکبونەوە و کەمی ئاو، لەو ناوچەیەدا نزیکەی 300 هەزار شەمشەمەکوێرەی تینوو لەسەر ئاوەکە بوون و یەک یەک دەیانویست لە ئاوەکە نزیک بنەوە.
لەوکاتەدا کە شەمشەمەکوێرەکان پەرۆشی ئاو بوون تیمساحێک لەژێر ئاوەکەدا بە پەرۆش بوو بۆئەوەی شەمشەمەکوێرەکان بنیشنەوە و بیانخوات، ئەوەش ڕوویدا کاتێک تیمساحەکە یەکێک لە شەمشەمەکوێرەکانی گرت و لە چەند خولەکێکی کەمدا خواردی.