سکاڵایەکی نوێی یاسایی لەلایەن کۆمپانیایەکی بەریتانییەوە بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە ئەو قەرەبووە دابینبکات کە کۆمپانیای “گەنەل ئینێرجی” بەهۆی کشانەوە لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی سروشتی “بنەباوی” و “میران” داوای دەکات.

رۆژی 10ی ئەم مانگە، کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی کە کۆمپانیایەکی تورکی-بەریتانییە رایگەیاند، لە دژی سەندنەوەی دوو کێڵگەی بنەباوی و میران لە کۆمپانیاکە، لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماردەکات و داوای قەرەبوو دەکاتەوە.

لەوبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “لەدژی هەموو سکاڵایەکی نێودەوڵەتی بەرگری لە خۆی دەکات کە گەنەل ئینێرجی دەیەوێت دژی هەرێم تۆماری بکات”.

باسی لەوەشکرد، “کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێناوە، بەوپێیەی کە رایگەیاندووە ناتوانێت ئەرکەکانی لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی لە کێڵگەی بنەباوی و میران بەجێبهێنێت”.

“حکومەت بەتوندی هەموو داواکارییەکانی گەنەل ئینێرجی رەتدەکاتەوە لەبارەی قەرەبووکردنەوە”

ئەوەش هاتووە، “حکومەت بەتوندی هەموو داواکارییەکانی گەنەل ئینێرجی رەتدەکاتەوە لەبارەی قەرەبووکردنەوە، بەپێچەوانەوە دژەسکاڵاش تۆماردەکات لەسەر ئەو زیانەی کە بەریکەوتووە بەهۆی پابەندنەبوونی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی بە گرێبەستەکانییەوە.”.

لەلایەکی دیکەوە لە بەیاننامەکەی رۆژی 10ی ئەم مانگەی گەنەل ئینێرجیدا هاتووە، “لەکاتی واژۆکردنی گرێبەستی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە مانگی شوباتی ساڵی 2017، کۆمپانیا هەموو هەوڵێکیداوە بۆ پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی “بنەباوی” و “میران”، چەندین پرۆپۆزەڵی پێشکەشکردووە تا بگاتە رێپێدانی حکومی”.

ئەوەش باسکراوە، “دەمێکە حکومەتی هەریمی کوردستان مەبەستی خۆی روونکردووەتەوە کە ئامانجی نییە بەپێی خاڵەکانی نێو گرێبەستەکان مۆڵەتی پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە بدات”.

لەکۆتاییدا گەنەل ئینێرجی ئەوەی خستووەتەڕوو، “بۆردی کۆمپانیاکە هیچ بژاردەیەکی بۆ نەماوەتە جگە لەوەی کە دان بەوەدا بنێت کە گرێبەستەکەی لە ئەنجامی بەزاندنی گرێبەستەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆتایی پێهاتووە لەبەر ئەوەش سكاڵا لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماردەکات و داوای قەرەبوو دەکاتەوە”.

ساڵی 2017 کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی گرێبەستی بەشداریکردنی واژۆکرد لە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کێڵگەکان، بەڵام هەر بە ئاگادارییەوە وەبەرهێنانی دەکرد لە ترسی زیادبوونی ئەو مەترسییانەی لە داهاتووی کارکردنی لەگەڵ هەرێم هەیبوو.

“حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەداخەوەیە کە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی نەیتوانیوە پرۆپۆزەڵێکی متمانەپێکراو بۆ پەرەپێدانی  کێڵگەکانی بنەباوی و میران پێشکەشبکات” 

کێڵگەکانی بنەباوی و میران 14.8 ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی لەخۆدەگرن، گەنەل ئینێرجی ئامانجی بوو ئەو گازە سروشتییانە هەناردەی تورکیا بکات، هاوکات، هەردوو کێڵگەکە 130 ملیۆن بەرمیل نەوت لەخۆدەگرێت.

ناکۆکی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی لە ساڵی 2014ەوە بوونی هەیە لەو کاتەی رێککەوتنی سەرەتایی لەنێوانیاندا واژۆکرا بۆ مەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکان، ئەوەبوو ساڵانی دواتر زۆر گۆڕانکاری بەسەر رێککەوتنەکەدا هات.

لایخۆیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، “حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەداخەوەیە کە کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی نەیتوانیوە پرۆپۆزەڵێکی متمانەپێکراو بۆ پەرەپێدانی ئەو دوو کێڵگەیە پێشکەشبکات کە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە ماوەیەکی گونجاودا ئەو دوو کێڵگەیە پەرەپێبدات.”

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەردەستن، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی نامەیەکەوە لە رۆژی 5ی ئەم مانگە بەفەرمی کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی ئاگادارکردووەتەوە لە کۆتایی پێهێنانی گرێبەستەکانی لەو دوو کیڵگەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا