ئەمریکا چۆن دژی هێرشی نوێی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان وەستایەوە؟

پۆڵەتیک پرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) مەشقێکی سەربازیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، چاودێرانیش ئەم هەنگاوە بە پەیامێکی ئاشکرا بۆ تورکیا وەسفدەکەن، کە لە ئێستادا خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئامادەدەکات لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی کوردەوە.

لەو مەشقەدا تانک و موشەک و چەکی دژە موشەک بەکارهێنران، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، “پابەندین بە کۆتایهێنان بە داعش، هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە لەمبارەیەوە بەردەوامی هەیە”.

پێش دەستپێکردنی مەشقەکە، ئەمریکا شەش تانکی لە جۆری M-2 برادلی ناردە بنکەی سەربازی خۆی لە رمیلان کە دەکەوێتە دێرەزوور.

هێزەکانی ئەمریکا کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن دژی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بوونیان هەیە و پشتیوانی پێشکەشی هەسەدە دەکەن لە جەنگی دژبە داعش”.

تورکیا و میلیشیا سورییەکانی سەربە تورکیا لە ساڵانی 2016-2017 و 2018-2019 سێ ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانیان بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان تورکیا و سوریا ئەنجامدا، لەو ناوچانەی ژمارەیەکی زۆر کوردیان تێدایە، ئامانج لەم ئۆپەراسیۆنانەش دەرکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو، کە بڕبڕەی پشتی هەسەدەیە و تورکیا بەدرێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەقەڵەمی دەدات، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت.

سەرباری هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی لەناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەڵام چاودێران هەنگاوێکی لەم چەشنە بەدوور دەزانن و چەندین بەربەستی ناوخۆیی و دەرەکی لەبەردەم ئەم هەنگاوە دەبینن.

جوڵەی سەربازی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شار و شارۆچکە ستراتیژییەکانی سوریا پێویستی بە لێکتێگەیشتنی سیاسی هەیە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش تا ئێستا بەدینەهاتووە.

هاوکێشە سەربازییەکانی سوریا دابەشبووە بەسەر ئەو وڵاتانەی هێزیان تیایدا جێگیرکردووە و هەژموونیان تیایدا هەیە، ئەوە جگە لەوەی پەیوەندییەکانی ئێستای ئەمریکا و تورکیا لە هەر کات خراپترن.

لەم دواییانەدا تورکیا هێز و زرێپۆش و چەکی ناردە ئیدلب، هەر ئەم هەنگاوە بوو هەسەدە وەک ئامادەکاری بۆ داگیرکارییەکی چاوەڕوانکراو لەقەڵەمیدا.

رەزوان ئۆغڵۆ، توێژەری سیاسی باس لەوە دەکات، “ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان سەختترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکەکانە و لەڕووی سیاسییەوە جیاوازە لەوانەی پێشووتر.

ئۆغڵۆ دەڵێت: ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی تورکیا بەبێ قایلبوونی ئەمریکا دەستپێناکات، بەپێی ئەو دۆخەی ئێستاش هەیە، پێناچێت ئەمریکا بەئاسانی بەم ئۆپەراسیۆنە قایلببێت.

لەماوەی رابردوودا زمانی تورکیا هەڕەشەئامێزتر بوو لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراویش دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

یەکێک لەو خاڵانەی زۆرترین ناکۆکی لەنێوان ئەمریکا و تورکیا دروستکردووە، پشتیوانی کردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لەلایەن ئەمریکاوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک